دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاری دا گەشتە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی رابگرێت، کاردانەوەیەکی توندی لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ئێران لێکەوتەوە. ئەم بڕیارە کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سزاکانی ئەمریکا دەبینرێت، وایکردووە بەرپرسان و میدیاکانی ئێران رەخنەی توند ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن و بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی واشنتن" ناوی ببن.
ئاوێنە: لەم چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی "کەیهان"ـی ئێرانی لە راپۆرتێکدا رەخنەی توندی لە کابینەی نوێی عێراق گرت. رۆژنامەکە هەنگاوەکەی زەیدی بۆ پەسەندکردنی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکای بە "هەوڵێک بۆ خۆشیرینکردن لای دۆناڵد ترەمپ" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرنجی خستووەتە سەر جێبەجێکردنی ورد و درشتی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمریکا. هەروەها رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەم هەنگاوانەی عێراق، ئەمریکا هێشتا کۆتوبەندی لەسەر مامەڵە داراییەکانی ئەو وڵاتە هێشتووەتەوە.
کەیهان لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە، کە بەستنەوەی بڕیارە ناوخۆییەکانی عێراق بە فەرمانەکانی واشنتنەوە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی گشتی و دروستبوونی کەلێن لە نێوان گەل و دەسەڵات، کە دواجار رەنگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە.
لە ئاستی فەرمیشدا، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە رێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رەخنەی توندی لە بڕیاری راگرتنی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف گرت. ویلایەتی ئەم هەنگاوەی بە "هەوڵی دوژمن بۆ لێدان لە یەکڕیزیی بەرەکان" ناوبرد و لە پەیامەکەیدا بۆ زەیدی نووسیویەتی: "شەرعییەت لە واشنتنەوە نایەت، بەڵکو لە خاکی نەجەف و خوێنی شەهیدانەوە دێت." لە هەمان کاتدا، ناوبراو رەخنەی لە هاوپەیمانیی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"ـی شیعەکان گرت و بێدەنگییەکەیانی بە "چوارچێوەیەکی بەتاڵ لەسەر دیواری دەسەڵات" وەسف کرد.
هۆکاری سەرەکیی ئەم پێشهاتانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سزایانەی کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکانەوە بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاندوویەتی. واشنتن هۆشداری داوەتە سەرجەم وڵاتان کە پێدانی سووتەمەنی یان رێگەدان بە نیشتنەوەی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، مەترسیی بێبەشبوون لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی لێدەکەوێتەوە.
عێراق بەهۆی ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا پارێزراون، بەردەوام رووبەڕووی فشاری واشنتن دەبێتەوە بۆ پابەندبوون بە سزاکانی سەر تاران. راگرتنی ئەم گەشتانە زیانێکی گەورەی ئابووری بە هەردوو وڵات دەگەیەنێت، بەتایبەتی بۆ شاری نەجەف کە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و زیارەتکاری ئێرانی دەکات.
بەپێی چاودێران، لە ئێستادا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی قورسەوە؛ لە لایەک دەیەوێت لە رێگەی پابەندبوون بە بڕیارەکانەوە سەروەریی دارایی مسۆگەر بکات و ئابووریی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت، لە لایەکی دیکەشەوە رووبەڕووی فشاری توندی ئێران و ئەو لایەنە سیاسییە ناوخۆییانە (وەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بووەتەوە کە دژی هەر جۆرە پابەندبوونێکن بە خواستەکانی واشنتن.