عەجاج لەسەر دۆسییەی فەیلییەکان دادگایی دەکرێت
  2026-09-27     

عەجاج ئەحمەد حەردان، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان، کە پێشتر بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەی قوربانیانی ئەنفال سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕووبەڕووی دادگاییکردنێکی نوێ دەبێتەوە تایبەت بە تاوانەکانی دژ بە کوردانی فەیلی.

ئاوێنە: ​بەپێی زانیارییەکان، دادگای لێکۆڵینەوە لە بەغداد بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەڵگەی سەلمێنەر خرانەڕوو سەبارەت بە بەشداریی ناوبراو و چەند ئەفسەرێکی دیکەی ڕژێمی پێشوو لە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی فەیلی. پێشتریش ناوبراو لە کاتی دادگاییکردنیدا بۆ دۆسیەی ئەنفال، دانی بەوەدا نابوو کە لەناو زینداندا ئازاری کوردە فەیلییەکانی داوە.

​لە ڕێکەوتی ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦ـەوە، سکاڵایەکی یاسایی نوێ لە دادگای تاوانەکان لە بەغداد لەسەر عەجاج حەردان و چەند ئەفسەرێکی دیکە تۆمارکراوە. سکاڵاکە لەلایەن دوو هاووڵاتیی کوردی فەیلییەوە بەرزکراوەتەوە، کە لە ڕێگەی بەڵگەی یاساییەوە دەیسەلمێنن لەلایەن ئەو کەسانەوە ڕووبەڕووی سزا و ئەشکەنجە بوونەتەوە. لە ئێستاشدا دادگای لێکۆڵینەوە بە فەرمی وتەی ئەو دوو هاووڵاتییەی وەرگرتووە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێڕەوی یاسایی بۆ دۆسییەکە.

​جێگەی ئاماژەیە، عەجاج ئەحمەد حەردان لە ٣١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ دەستگیرکرا، دواتر لە ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦ لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە لە بەغداد، پشتبەست بە وتەی شایەتحاڵەکان و دانپێدانانی بە تاوانەکانیدا، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

​لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پێکهاتەی کوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پێشێلکاریی گەورە بوونەوە، لەوانە هەڵمەتەکانی جینۆساید، ڕاگواستنی زۆرەملێ، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک، و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ئەو پێکهاتەیە لە زیندانەکاندا بێسەروشوێنکران و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×