لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی تەواوەتیی دۆسیەی ئەمنی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی وڵاتەکە بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر "ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسی"دا گرتووە، کە وەک بارەگای سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بەکاردەهێنرا.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەکە و ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا حکوومەتی عێراق خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی و دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە لە دیاریکردنی شێوازی مانەوەی هەر هێزێکی سەربازی یان ئەمنیی بیانی لە ناوخۆی وڵاتدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گۆڕانکارییانە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکوو جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە، بەو مەرجەی لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و پاراستنی سەروەریی بڕیاری عێراقی بێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، فەریق سەعد مەعن باسی لە پرسی ئامادەیی هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر خاکی عێراق کرد. ڕوونیکردەوە کە پڕۆسەی چۆڵکردنی سەربازگەی (زێلکان) لە ناوچەی باشیک سەر بە پارێزگای نەینەوا، بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ و پاڵپشت بە خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوولەسەر جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەنگاوەش بە بەشێک لە سەپاندنی سەروەریی یاسا و کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە دەرەکییەکان وەسف کرا.
ئەم پێشهاتانە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕادەستکردنی تەواوەتیی بەرپرسیارێتییەکان بە لایەنی عێراقی لێکدەدرێنەوە، لە کاتێکدا بەغداد هەنگاو دەنێت بۆ کۆتاییپێهێنانی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییە ئەمنییەکانی بۆ هاوبەشیی دووقۆڵیی گشتگیر لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.