لەسایەی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦، هێزەکانی ئەمریکا بە یەکجاری لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڵوێست و تێبینییەکانی خۆی لەسەر پرۆسەکە خستەڕوو.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە ٢٧ی ئەیلول بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کشانەوەیە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بەتایبەتی کە بارودۆخی ئەمنی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. وەزارەتەکە پێی وایە بەردەوامیی ئەم ناسەقامگیرییە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و داوای هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست دەکات.
سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە تیشک دەخاتە سەر لێکەوتەکانی ململانێکانی چەند مانگی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشێک لەو هێرشانە لە ناوچە مەدەنییەکان کەوتوونەتە خوارەوە و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی لە شەهید و بریندار و زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانیی خۆی نیشانداوە بەرامبەر بە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزدا، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە سیستەمێکی بەرگری بۆ ناوچەکە دابین بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسمانی حکومەتی فیدراڵ، بۆیە پاراستنی لە کاتی پێویستدا دەکەوێتە چوارچێوەی ئەرکە لەپێشینەکانی حکومەتی ناوەندییەوە و دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ بگرێت.
سەرەڕای ئەم ئاڵەنگارییانە، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی دەدات کە هێزەکانی پێشمەرگە، وەک چۆن لە ڕابردوودا پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بوون، بۆ داهاتووش ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ و دەتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نەخوازراوەکاندا بگونجێنن و ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتەکە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکانی ڕابردووی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەربڕی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، پێشمەرگە خاوەنی پەیوەندییەکی دەستووری و ئەمنیی پتەوە لەگەڵ سوپای عێراق و لە کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی پێشمەرگە پەیامێکی ئارامکەرەوەی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند: "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە."