لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (فینانشیاڵ تایمز)ی بەریتانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و لێکەوتەکانی کشانەوەی پێشبینیکراوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. ناوبراو ئەو هەنگاوەی بە جێهێشتنی هاوپەیمانەکانی واشنتن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا وەسف کرد و بە بڕیارێکی "شەرمەزارکەر" ناوی برد.
ئاوێنە: سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکی زۆر هەستیار و پڕ لە پشێوی و دڵەڕاوکێی ئەمنیدا دێت. هۆشداریشی دا لەوەی کە دۆخی ناجێگیری ئێستا و ڕەتکردنەوەی چەکدانان لەلایەن ئەو میلیشیا شیعانەی نزیکن لە ئێرانەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سیستەمی فیدراڵیی عێراقیش دروست دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بارزانی سەبارەت بە توانای سەربازیی هەرێم ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە و لە ڕووی یاساییشەوە ناتوانێت ڕاستەوخۆ بیانکڕێت، چونکە پرۆسەکە دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە لە بەغدا ئەنجام بدرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە کاتێک ڕێگری لە هەرێم دەکرێت بۆ کڕینی چەکی پێویست بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆن و مووشەکەکان، بێگومان ئەمە هەنگاوێکی بەئەنقەستە بۆ بەئامانجگرتن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئێستای واشنتن گرت و ڕایگەیاند کە ئەمریکا خەریکە هەمان ئەو هەڵەیە دووبارە دەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا ئەنجامی دا. کاتێک بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە دروست بوو کە دواتر بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش، ئەمەش ئەمریکای ناچار کرد لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرچەندە هەرێمی کوردستان شانازی بە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا لە گفتوگۆکانیاندا بە ڕوونی بە ئێرانیشیان ڕاگەیاندووە کە هەولێر هیچ مەترسییەک نییە بۆ سەر تاران. سەرەڕای ئەمەش، وەک خۆی ئاماژەی پێدا، ئێران بەردەوام پاساو بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچەکە دەهێنێتەوە، بۆیە تا ئەو کاتەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەو واقیعە تاڵە کردەوە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە تەنیا و بێ هیچ سیستەمێکی بەرگریی گونجاو جێهێڵراوە. هەرچەندە سیستەمی بەرگریی ئەمریکی لە بنکە سەربازییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر توانای بەرپەرچدانەوەی بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی هەبووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە ڕووی سەربازییەوە خاوەنی هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی سەربەخۆ نییە.