تونجهر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) رایگهیاند، كاتی ئەوە هاتوە هەلومەرجی کارکردنی ئازادانەی عهبدوڵا ئۆجهلان دابین بکرێت. ئهو یهكخستنهوهی هێزی پێشمهرگه له ههرێم به ههنگاوێكی "پیرۆز" ناودهبات و دهشڵێت، ئیتر پێویسته كابینهی نوێی حكومهتی ههرێم پێكبهێنرێت.
ئاوێنه: تونجهر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ئهمڕۆ یهكشهممه، لهمیانی بهشداریكردنی له سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتهكهیدا كه لە ئامەد بهڕێوهدهچێت، وتهیهكی پێشكهش كرد.
تونجەر باقرخان ڕایگەیاند، گەلی کورد ئیرادەی خۆی بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەی چارهسهری له توركیا نیشانداوە و وتیشی: "ئەم پرۆسەیە پێویستی بە گەنج هەیە. ئامەد دڵی هەمو کوردە و ئەمڕۆ ئەگەر پرۆسەیەک هەبێت، لە سایەی ڕەنجی گەورەی گەلەکەمانەوە هاووەتە دی. گەورەترین سڵاویش بۆ ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بەڕێز ئۆجهلان دەنێرم کە دوای سەدەیەک لە لێواری لەناوچونەوە کوردی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمڕۆ ناسنامە، کولتورو مافەکانی گەلی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ قسەیان لەسەر دەکرێت."
تونجەر باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وتی"بەڕێز ئۆجهلان وەک چۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری چارەسەرێک دەکات، هەر واش بۆ کورد پێشنیاری چارەسەر دەکات. بەر لە چەندین ساڵ پێشنیاری کرد کە پێشمەرگە ببێتە یەک و ئەمڕۆ ئەمە هاتوەتە دی. ئەم هەنگاوە زۆر پیرۆزە. بەڵام کەموکوڕیشی هەیە. پێویستە ئیتر لە باشور حکومەت پێکبێت و کار بۆ داهاتوی گەل بکرێت."
ههروهها وتیشی"ئێمە لێرەوە داوا لە ئێران دەکەین کە دەست لەم هێرشانەی هەڵبگرێت کە دەیکاتە سەر شارە کوردییەکان. هەروەها ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین. داوا لە ئێران دەکەین کە دەست لە لەسێدارەدان هەڵبگرێت و بۆ چارەسەری کێشەکان بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ گەلەکەی."
هاوسهرۆكی گشتی دهم پارتی لهبهشێكی دیكهی وتهكهیدا سەبارەت بە قسەکانی سەرۆکی کاتیی سوریا لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم قسانە لە چوارچێوەی قسەدا نەمێننەوە و وتیشی: "بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بگاتە مافە یاساییەکانی، ڕێگەیەک کراوەتەوە و بەدەستهێنانی ئەم مافانە بە بەرخۆدانی ئێمە دێتەدی. بەر لە چەند ڕۆژێک سەرۆکی کاتیی سوریا لە کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان قسەی کرد و وتی کە مافەکانی گەلی کورد دەخەنە دەستورەوە. ئێمە ئەم مافەمان تەنها وەکو قسە قبوڵ نییە و پێویستە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
تونجەر باقرخان لە کۆتایی قسەکانیدا ڕاشیگەیاند، پێویستە ئۆجهلان بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کار بکات و وتی"لە دیدارەکەی 13ـی ئەیلولدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجهلان، بەڕێز ئۆجالان وتی، پێویستە ڕێگە لە بەردەم کۆمیسیۆنەکان خۆش بکرێت. پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە و یاسا دەرچوەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. پێویستە هەمو کەسێک بتوانێت بچێتە لای ئۆجهلان و ئۆجهلان بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە پێشەنگایەتیی پرۆسەکە بکات. پێویستە ئیتر زیندانییەکانمان ئازاد بکرێن و ئەم پرۆسەیە سەربکەوێت."