حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سیستمی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردن و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل راگەیاند. پڕۆژەکە بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتین و خێراکردنی راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان دامەزراوە و قۆناغی یەکەمی لە شاری هەولێر خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە پرێس کۆنفرانسێکدا وردەکارییەکانی پڕۆژەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، لە رێگەی ئەم سیستمە نوێیەوە، هاوڵاتییان دەتوانن بەشێک لە هەنگاوەکانی مامەڵەی دەرهێنان، بەناوکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.
لەبەرئەوەی پڕۆژەکە پێویستی بە بینای نوێ و کەرەستە و ئامێری تایبەتمەند هەیە، سەرەتا تەنها لە بەشی بارهەڵگر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو شارە هەیە. هاوکات، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سیستمەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی سلێمانی و هەڵەبجەش جێبەجێ بکرێت.
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی ئەم سیستمە، گۆڕینی شێوەی (ساڵیانە)ی ئۆتۆمبێلە کە لەمەودوا هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووک. وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارتە نوێیە لە رووی ئەمنییەوە زۆر پارێزراو دەبێت و سیستمەکە بنەمای خاوەندارێتی بە شێوەیەک بەهێز دەکات کە رێگری تەواو دەکات لە هەر هەوڵێکی فێڵکردن و ساختەکاری بۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێل بێ ئاگاداری خاوەنەکەی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ تیشکی خستە سەر گرفتێکی کەڵەکەبووی رابردوو، کە بریتییە لە هەبوونی سەدان ئۆتۆمبێل بە ناوی یەک کەسەوە. وەک نموونەیەک ئاماژەی بە دۆسیەی کەسێک کرد کە ١٢٨٠ ئۆتۆمبێلی بەناوەوە بووە، بەڵام دوای گیانلەدەستدانی، کێشەی وەرەسە و خاوەندارێتی بۆ تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانە دروستبووە. بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم گرفتە، بڕیاردراوە مۆڵەتی ٩٠ رۆژ بدرێتە سەرجەم هاوڵاتییان تاوەکو ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بە ناوی خۆیانەوە و ئەو کێشەیە یەکلایی بکەنەوە.
سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ئەوانەی کێشەی یاساییان هەیە، میرانی روونیکردەوە کە سێ جۆری سەرەکی گرفتی گەورە لە ئۆتۆمبێلدا هەن کە بریتین لە ئۆتۆمبێلی (بڕاوە، سوتاو و ژێرئاوکەوتوو). ناوبراو هۆشداریدا کە بەپێی رێنماییەکانی هاتوچۆ، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە و بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نین بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەکان هاتوچۆیان پێبکرێت.