لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بەو هێرشەی لە ١٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ کرایە سەر هێڵی بۆری نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا"ی سعوودیە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. بەپێی زانیارییەکان لە چەند بەرپرسێکی باڵای ناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە، ئەنجامەکان ئاماژە بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵێک دەکەن کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێران و بزووتنەوەی "ئەنصاروڵڵا" (حوسییەکان)ی یەمەنەوە هەیە. بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا و دوای تەواوبوونی ڕێکارە هونەری و ئەمنییەکان، ڕاپۆرتی کۆتایی لەم بارەیەوە پێشکەش بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت.
شێوازی جێبەجێکردنی هێرشەکە
ئاوێنە: لێکۆڵینەوە مەیدانی و هەواڵگرییەکان وردەکاریی چۆنیەتی جێبەجێکردنی هێرشەکەیان ئاشکرا کردووە. دەرکەوتووە کە زیاتر لە ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە یەک کاتدا لە ناوچەی سنووریی "تیب" سەر بە پارێزگای میسان لە باشووری عێراقەوە ئاراستەی خاکی سعوودیە کراون.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، ئەو تیمەی هێرشەکەی ئەنجامداوە، چەند ڕۆژێک پێش وادەی دیاریکراو بە شێوەیەکی نایاسایی و لە دەرەوەی دەروازە فەرمییەکان لە ئێرانەوە دزەیان کردووەتە ناو خاکی عێراق. دوای گەیشتنیان بە ناوچەی تیب، بە هاوکاریی چەند شانەیەکی ناوخۆیی عێراق درۆنەکانیان ئامادە کردووە و هێرشەکەیان جێبەجێ کردووە، پاشانیش ڕاستەوخۆ گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان سەلماندووە کە ئەو لایەنە عێراقییەی هاوکاریی تیمەکەی کردووە و پێشوازی لێکردوون، پەیوەندی بە یەکێک لە گروپە چەکدارە ناسراوەکانەوە هەبووە و هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەندا کردووە، هەرچەندە جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرکردایەتیی ئەو گروپە چەکدارە ئاگاداری پێشوەختەی هێرشەکە نەبوون و بەشدارییان لە پلان و جێبەجێکردنیدا نەکردووە.
کاردانەوە دیپلۆماسی و ناوخۆییەکان
بەهۆی هەستیاریی دۆخەکە و بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ لێدانی دامەزراوەیەکی ستراتیژیی وڵاتێکی دراوسێ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی لایەنی ئێرانی لە زانیاری و بەڵگەکانی بەردەستی سەبارەت بە ناسنامەی جێبەجێکاران و ڕێڕەوی هاتوچۆکردنیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا تاران هیچ وەڵامێکی فەرمیی بۆ بەغدا نەبووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ دەرکردنی نوێنەرایەتیی حوسییەکان لە وڵاتەکە، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕووبەڕووی فشاری توندی چەند لایەنێکی سیاسیی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بووەتەوە بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی حکومەت لەو بڕیارە، کە لەسەر بنەمای تێوەگلانیان لە هێرشەکەدا دراوە. لە هەمان کاتدا، دەزگا هەواڵگرییەکان سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ناوخۆی عێراقەوە ئاسانکارییان بۆ تیمە ئێرانییەکە کردووە، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە.
هەڵسەنگاندنی ستراتیژی و ڕێکارەکانی حکومەت
چاودێران و شارەزایانی بواری ستراتیژی پێیان وایە کە ئەم لێکۆڵینەوەیەی ئێستا جدیتر و قووڵترە لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوو، کە زۆربەیان بەبێ دەستنیشانکردنی تاوانباران دادەخران و دەبوونە ململانێی سیاسی. حسێن ئەسعەد، شارەزای کاروباری ستراتیژی، ئاماژە بەوە دەکات کە پشتبەستن بە بەڵگەی مەیدانی و چاودێریکردنی جووڵەی تۆڕەکان خاڵی بەهێزی ئەم پرۆسەیەیە. ناوبراو پێی وایە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ بەغدا لەوەدایە تا چەند دەتوانێت ئەم ئەنجامانە بکاتە ڕێکاری کرداری و لێپرسینەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە.
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا و تەنها چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران بڕیاری دا فەرماندەی پۆلیس و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسان لە کارەکانیان دووربخاتەوە و ڕەوانەی لێکۆڵینەوەیان بکات، هەروەها ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوەی لەسەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان پێکهێنا.
پارێزگای میسان بەهۆی هاوسنوورییەکی بەرفراوان و هەبوونی ناوچەی سەخت و دوورەدەست لەگەڵ ئێران، بووەتە ئالەنگارییەکی گەورە بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن لە دەرەوەی دەروازە فەرمییەکان. سەرەڕای ئەوەش، بوونی چەندین گروپی چەکداری وەک کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا کە خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و قووڵاییەکی ستراتیژین لەو ناوچەیەدا و تا ئێستا ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەست بکەن، ئەرکی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی جموجووڵە نایاساییەکانی سەر سنووری بۆ دەزگا ئەمنییەکان زۆر ئاڵۆز و سەخت کردووە.