یاسر عەبدولزوهرە حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف جارێکی دیکە بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەکرێتەوە.
ئاوێنە: لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵ، باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئاساییکردنەوە و دەستپێکردنەوەی ئاسایی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.
سەبارەت بە هۆکاری وەستانی گەشتەکانی پێشوو، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرنەکراوە بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران. بەڵکو هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشەیە ئەوە بووە کە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری خزمەتگوزارییە زەمینییەکانی فڕۆکەخانە، لە ترسی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە نەبوون خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، حەجاج جەختی لەوە کردەوە کە بەربەستەکان تێپەڕێنراون و فڕۆکەخانەی نەجەف لە ماوەی کەمتر لە شەو و ڕۆژێکدا ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتەکانی ئێران.