لە راگەیەندراوێکدا، ئەبو موجاهید عەساف، لێپرسراوی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵا، کۆمەڵێک هۆشداری و هەڕەشەی ئاراستەی حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ کرد. لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە حکومەتەکەی "زەیدی" کە ئەگەر لە خزمەتی گەلدا نەبێت، هەوڵی رووخاندنی دەدەن، هەروەها جەخت لە کاردانەوەی توند دەکاتەوە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆی ئاسمانی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
ئاوێنە: لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا، ئەو بەرپرسەی کەتیبەکانی حیزبوڵا ئاماژەی بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ کردووە و رایگەیاندووە، بڕیارە لە ٣٠ـی ئەم مانگەدا گەلی عێراق ئاهەنگ بگێڕێت بەبۆنەی دەرچوونی ئەو هێزانە، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەو وادەیەی پێشتر بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی مانگدا دیاریکرابوو.
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆیی و بڕیارەکانی حکومەت، عەساف رایگەیاندووە کە هاووڵاتییان هۆشیارن سەبارەت بەو لایەنانەی لە پشت هەندێک بڕیاری حکومییەوە خۆیان حەشارداوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەرامانەی کە شەرم دەکەن بە ئاشکرا بڕیاری لێ بدەن. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی زەیدی و پاڵپشتیکارانی کردووە و تیایدا هاتووە: "با بزانن هەر حکومەتێک لە بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، لەرێگەی جۆراوجۆرەوە کار بۆ رووخاندنی دەکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، پرسی گرژییە هەرێمییەکان بەشێکی دیکەی پەیامەکە بووە. ناوبراو هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەر دوای یەکی مانگی داهاتوو گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا گرژییەکان روو لە هەڵکشان دەکەن و پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە، کە ئەگەری هەیە بگاتە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشدارن لەو گەمارۆیەدا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەساف جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان (بەرخۆدانی ئیسلامی) چاودێرییەکی وردی ئاسمانی عێراق دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پێشێلنەکردنی سەروەریی ئاسمانیی وڵات لەلایەن فڕۆکە بیانییەکانەوە. روونیشیکردووەتەوە کە لە حاڵەتی سەرپێچیدا سەرەتا ئاگاداری دەدەن و لە قۆناغی دووەمدا کار بۆ خستنەخوارەوەیان دەکەن. لەم چوارچێوەیەشدا هۆشداری داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کە لە دوای ١/١٠/٢٠٢٦ـەوە نەبنە ئاسانکار یان "کاشێر" بۆ تێپەڕاندنی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا.