دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی ناوەندی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای زیندانیکردنی بۆ محەمەد فەرمان شاهیر سەلمان جبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی حزبی تەقەدوم دەرکردووە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سزاکەی دادگا بۆ سەر ئەو پەرلەمانتارە دابەشکراوە بەسەر دوو دۆسیەی جیاوازدا؛ لە دۆسیەی یەکەمدا بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی "دەستکەوتی ناڕەوا"، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە. لە دۆسیەی دووەمیشدا بە تۆمەتی "شاردنەوە"، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی توندی بەسەردا سەپێندراوە. بڕیارەکانیش بە پشتبەستن بە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا (ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١١ی هەموارکراو) دەرکراون.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، دادگا تاوانبارەکەی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی بڕی ٢٨ ملیار و ١٥٧ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار و ٤٧٦ دیناری عێراقی، کە ئەمەش وەک سزایەکی داراییە و هاوتا کراوە لەگەڵ بەهای ئەو دەستکەوتە ناڕەوایانەی بەدەستی هێناوە. هاوکات قەبارەی ئەو سامانە نایاساییەی پەرلەمانتارەکە کۆیکردووەتەوە و ئاشکرابووە، بریتی بووە لە ١١ ملیار و ٧٩٥ ملیۆن و ٩٤٩ هەزار و ٢٣٨ دیناری عێراقی، سەرباری یەک ملیۆن و ٧٢٩ هەزار و ٣٠٠ دۆلاری ئەمریکی.
بۆ ڕێگریکردن لە مامەڵەکردن بەو سامانەوە، دادگا بڕیاریداوە بە پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گشت سەروەت و سامانە نەختینەیی و نانەختینەییەکانی تاوانبارەکە.
لە کۆتایی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، دوای ئەوەی بڕیارەکانی دادگا لەسەر ئەم کەیسە پلەی بڕاوەیی (الدرجة القطعیة) وەردەگرن، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق مافی ئەوەی پێدەدرێت بە فەرمی داوای قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زەرەر و زیانانە بکات کە بەهۆی ئەم سەرپێچییانەوە دروستبوون.