هێڵی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ئێران دەست پێدەکەنەوە، ئەوەش دوای هەوڵی بەدەرکردنی قەدەغەی گەشتی تاران دێت بۆ وڵاتەکە.
ئاوێنە: هێڵی ئاسمانیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیران، عێراق لێخۆشبوونێکی تایبەتی (بەدەرکردن)ـی بەدەستهێنا تاوەکو هێڵی ئاسمانیی عێراق بتوانێت گەشتەکانی بۆ ئێران دەستپێبکاتەوە، بۆیەش بڕیارە لە مانگی داهاتوودا گەشتەکان دەست پێبکەنەوە.
ئەوەش خراوەتەروو، دەستپێکی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە دەستپێدەکەنەوە، گەشتەکانیش دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە هونەری و ڕێکخراوەییەکان دەبێت، گەشتەکانیش بەگوێرەی ڕێکارێکی فەرمی و یاسایی پەیڕەوکراو ئەنجام دەدرێن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، هێڵی ئاسمانیی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی جەنگەوە، گەشتەکانی بۆ ئێران ڕاگرتبوو، لە 23ی ئەم مانگەشەوە گەشتی هێڵەکانی ئێران بۆ نەجەف ڕاگیرابوون و هۆکارەکەیشی بۆ سزاکانی ئەمریکا بۆسەر تاران گەڕێندراوەتەوە.