قۆناغێکی نوێ لە عێراق؛ بوونی سەربازیی ئەمریکا بە فەرمی کۆتایی هات
  2026-09-30     

ئەمڕۆ چوارشەممە، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە تاوەکو ئێستا تێیاندا جێگیر کرابوون، کۆتایی دێت و بەوەش قۆناخێکی سەربازیی زیاتر لە بیست ساڵە دادەخرێت. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی هۆشداریی لەبارەی ئەگەری دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی لە وڵاتەکەدا، کە رەنگە ببێتە هۆی فراوانبوونی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و رەخساندنی دەرفەت بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی شانە نوستووەکانی رێکخراوی داعش.

ئاوێنە: ​بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورنال، ئەمریکا بەم هەنگاوە کۆتایی بەو ململانێیە دەهێنێت کە زۆرجار وەک "جەنگی بێکۆتا" ناودەبرا. بڕیاری داخستنی دوایین بنکەی سەربازیی سەرەکیی ئەمریکا لە عێراق، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٣ ساڵ و خەرجکردنی نزیکەی ١.٧ تریلیۆن دۆلار دێت.

​لە رووی سیاسییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی تەممووزی رابردوودا و لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی، رایگەیاندبوو کە پێیان وا نییە چیتر پێویستیان بە هێشتنەوەی سوپا بێت لە عێراق. لە بەرامبەردا، عەلی زەیدی وادەی ٣٠ی ئەیلوولی دیاری کردبوو بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەست بکەن، بەو پێیەی بە وتەی ئەو، دوای ئەم رێکەوتە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەکی دەرەوەی دامەزراوەی دەوڵەت نامێنێت.

​ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی کشانەوەکە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لە شەقامی عێراقیدا هەیە، بەڵام هاوکات بەشێک لە چاودێران نیگەرانن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، سەرەڕای مەشق و پڕچەککردنیان لەلایەن ئەمریکاوە، هێشتا بە تەواوی ئامادە نەبن بۆ پاراستنی وڵاتەکە. جێی باسە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوودا، ٤,٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون.

​لە رووی ئەمنییەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەردەوامە لە دەرکردنی هۆشداریی ئەمنی بۆ هاووڵاتییانی خۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی رفاندن. تیمێکی رۆژنامەوانیی وۆڵ ستریت جورنال ئەم مانگە بەهۆی هەڕەشەیەکی ئەمنییەوە کە پەیوەندی بە هەوڵی رفاندنەوە هەبوو، بە ناچاری بەغدایان بەجێهێشت.

​سەبارەت بە جموجووڵە چەکدارییەکان، وۆڵ ستریت جورنال لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان بەکارهێنانی مووشەک و درۆنی مەوداداریشیان بەخۆوە بینیوە، کە دەریدەخات توانای سەربازیی ئەو گرووپانە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. لەم مانگەدا هێرشێکی درۆنی کە لە سنوورەکانی عێراقەوە ئاراستە کرابوو، کرایە سەر شانشینی سعوودیە، هەروەها چەند هێرشێکی دیکەش زیانیان بە سەنتەرێکی دیپلۆماسی و لۆجستیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گەیاند.

​بەرپرسانی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن لەوەی کشانەوەی ئەمریکا دەشێت دەرفەتێک بێت بۆ چالاکبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و شانە نوستووەکانیان. پێش ئەم کشانەوەیە، هێزەکانی ئەمریکا رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دابینکردنی زانیاریی هەواڵگریی و چاودێریی ئاسمانی بۆ هێزە عێراقییەکان.

​محەممەد جبووری، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی سوپای عێراق، دەڵێت پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق پلانی جێگرەوەیان بۆ قۆناخی دوای هاوپەیمانان هەیە یان نا. ناوبراو هۆشداری دا کە عێراق هێشتا سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، بەتایبەت ئەگەر گرووپە توندڕەوەکان دەستیان بە درۆنی چەکدار بگات.

زۆرترین بینراو
هۆكاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب
"سەیری تۆ دەکەم‌و شێرێک دەبینم"، دیداری ناتانیاهۆ لەگەڵ پاڵەوانی گەشتی فڵای دوبەی
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دو مه‌رج بۆ كاركردنی كۆڕه‌ك تیلیكۆم دیاری ده‌كات
ئۆجه‌لان: ده‌بێت یه‌به‌شه‌ له‌ شه‌نگال بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بێت، نه‌‌ بارزانی و نه‌ عه‌ره‌به‌كان مافی ژیانیان پێناده‌ن
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆرى عێراق بۆ داواى لێبووردن دەچێتە پردێ
نه‌تانیاهو: یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كان به‌ چه‌قۆ له‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی تری داوه‌و ویستویه‌تی فڕۆكه‌كه‌ بخاته‌ خواره‌وه‌
مەسعود بارزانی لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان: پێشمەرگە ئامادەیە هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم تێکبشکێنێت
په‌یامی تره‌مپ له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق
کاریگەرییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لەسەر ئابووریی عێراق
گومانەکانی ئیسرائیل لە هەوڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەک؛ گەشتێکی دوبەی-تەلئەبیب ئاراستەکەی دەگۆڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×