فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، پلانی حكومه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌كی گروپه‌كان تا مانگی شه‌شی ساڵی داهاتو ده‌خایه‌نێت. ده‌شڵێت، به‌رده‌وامن له دانوستان له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كداره‌كان بۆ راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانیان و له كۆی حه‌وت گروپ سیانیان ده‌ستیان كردوه به راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانیان.
ئاوێنه: فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان ئاشكرایكرد، حكومه‌ت پلانێكی جێگیر و خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌كی گروپه چه‌كداره‌كان كه تاوه‌كو مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتو درێژده‌بێته‌وه.
جەختیشی کردەوە کە جێبەجێکردنی پلانەکە بە کردەیی دەستی پێکردوە بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی بەشێک لە گروپەکان بۆ سیاسەتی سەرۆک وەزیران و ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
فواد حسێن كه له باڵیۆزخانه‌ی عێراق له واشنتۆن قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان ده‌كرد، وتیشی، سێ گروپی چه‌كدار لە کۆی حه‌وت گروپ ئاماده‌یی خۆیان بۆ پلانەکە ڕاگەیاندوە و دەستیان بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان كردوه. پێشبینیشی کرد گروپی دیکەش، لەوانە کەتیبەکانی سەیدولشوهه‌دا، بەم زوانە بچنە ناو ڕێککەوتنەکەوە.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی شایستەیی و پابەندبونێکی دەستوری ناوخۆیی عێراقدایە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی کۆنترۆڵنەکراو و پشتگیری و کۆدەنگی زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی له‌سه‌ره.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئه‌مریكا، فواد حسێن جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەرگا لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئەمنیی دوقۆڵی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواییدا دەکاتەوە، لەوانەش بەریتانیا و فەرەنسا، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئه‌مریكادا.
سەبارەت بە نێوه‌ندگیری لە نێوان واشنتۆن و تاران، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق وتی، بەغدا پەیوەندی لەگەڵ هەردولادا هەیە و پشتیوانی لە ڕێڕەوی دانوستانەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی ململانێکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و دور لە بژاردەی سەربازی، ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق لە پەیوەندی و هەماهەنگیدایە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی نێوه‌ندگیر لەوانە عومان، قەتەر و پاکستان، ئامادەشه ڕۆڵی نێوه‌ندگیری ڕاستەوخۆ بگێڕێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەردو لایەنەکە بە فەرمی داوای ئەوە بکەن.
له‌باره‌ی دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان، وتی هێزەکانی پێشمەرگە له‌روی ده‌ستورییه‌وه هێزێكی دانپێدانراون لە ناو سیسته‌می بەرگری عێراقیدا. ئاماژەی بە بونی هەماهەنگی مەیدانی تۆکمە لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکاندا کرد بۆ ڕێگری‌کردن لە دروستبونی هەر بۆشاییەکی ئەمنی کە ڕێکخراوی "داعش" بیقۆزێتەوە لە ناوچە جێناكۆكه‌كان و کەرکوو و دیالە.
ئه‌و جەختی کردەوە کە بەغدا بەرپرسە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و پڕچه‌كردنی هێزەکانی پێشمه‌رگه بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکان.
سەبارەت بە بونی هێزه‌كانی توركیاش له عێراق، فواد حسێن جه‌ختی كرده‌وه كه له‌نێوان به‌غداو ئه‌نقه‌ره لێكتێگه‌یشتن هه‌یه له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له بنكه‌ی سه‌ربازی باشیك له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی دیاریكراودا.