كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵای ئه‌وفیا، پابه‌ندبونی خۆیان به پلانی حكومه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نن.
ئاوێنه: كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا پیرۆزبایی له گه‌لی عێراق كردوه به‌بۆنه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و "بڕینی قۆناغێكی گرنگ به‌ره‌و ته‌واوكردنی سه‌روه‌ریی نیشتمانی".
هه‌روه‌ها سوپاسی حكومه‌تی عێراق و عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كردوه بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وام و جدییه‌كانی "لە دورخستنەوەی عێراق لە شەڕی شەیعە-شيعە و ڕێگری‌کردن لە هه‌ڵخلیسكانی وڵات بەرەو فیتنەی ناوخۆیی".
كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا، وتوشیه‌تی "پابەندبونی خۆمان دەردەبڕین بە ڕێککەوتنی ئیمزاکراوی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان له‌گه‌ڵ پابه‌ندبون به‌وه‌ی كه لە وتاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا هاتوە، مەگەر لایەنەکەی دیکە دەستپێشخەری بکات لە سەرپێچیکردنی پابەندبونی خۆی بەپێی ئەو بڕگانەی ئیمزای لەسەر کراوە."
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی لیژنەی چوارقۆڵی دەکەین بۆ ئەو هەوڵە ماندونه‌ناسانەی داویانە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتننامە ئیمزاکراوەکە."
هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، حه‌یده‌ر غه‌راوی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی ئه‌نساروڵای ئه‌وفیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، به‌بۆنه‌ی ڕۆژی سەروەری و بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە لەلایەن عێراقەوە لە ڕێگەی تەواوکردنی سەروەرییەکەی و کۆتاییهێنان بە سەرجەم شێوازەکانی بونی بیانی لەسەر خاکه‌كه‌ی، جەخت لە پابەندبونی خۆمان دەکەینەوە بەوەی لە راگه‌یه‌ندراوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا هاتوە، بەپێی خشتە کاتییە ڕێککەوتن لەسەرکراوەکانی نێوان گروپەکان و لیژنەی چوارچێوە و حکومەت و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ناو عێراق وه‌ك ئەوەی له "وه‌ره‌قه‌ی سه‌روه‌ری"دا هاتوه كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه.
غەراوی پێزانینی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ "ئەو هەوڵانەی لەلایەن حکومەت و سەرۆکەکەی و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانەوە دراون له‌گه‌ڵ سوربونیان لەسەر تەواوکردنی ڕێڕەوی سەروەری و کۆتاییهێنان بە بونی بیانی." جەختییشی كردۆته‌وه له‌سه‌ر "پشتیوانیی بزوتنەوەکە بۆ هەر هەنگاوێک کە ئەم دەستکەوتە بپارێزێت."
به‌رله‌وه فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان ئاشكرایكرد، حكومه‌ت پلانێكی جێگیر و خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌كی گروپه چه‌كداره‌كان كه تاوه‌كو مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتو ده‌خایه‌نێت.
جەختیشی کردەوە کە جێبەجێکردنی پلانەکە بە کردەیی دەستی پێکردوە بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی بەشێک لە گروپەکان بۆ سیاسەتی سەرۆک وەزیران و ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
فواد حسێن كه له باڵیۆزخانه‌ی عێراق له واشنتۆن قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان ده‌كرد، وتیشی، سێ گروپی چه‌كدار لە کۆی حه‌وت گروپ ئاماده‌یی خۆیان بۆ پلانەکە ڕاگەیاندوە و دەستیان بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان كردوه. پێشبینیشی کرد گروپی دیکەش، لەوانە کەتیبەکانی سەیدولشوهه‌دا، بەم زوانە بچنە ناو ڕێککەوتنەکەوە.