باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەلایەن باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە پێشوازیی لێکرا. شاندەکە کە پێکهاتووە لە بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانی چڕ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا سەردانەکەیان ڕێکخستووە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نوێیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی نەوت، غاز و پیشەسازیی پترۆکیمیاوی. هاوکات بڕیارە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان و فراوانکردنی ئاسۆی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دیاری بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانەکە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەغدا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێی شەراکەتی ئابووری لە کەرتی وزەدا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بواری وزەدا خاوەنی مێژوویەکی ئاڵۆز و گرنگن. هێڵی بۆریی کەرکوک-جەیهان، کە وەک یەکێک لە ستراتیژیترین ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، لە دوای چەندین کێشەی تەکنیکی و سیاسییەوە پێویستی بە ئاساییکردنەوە هەیە. لەم پەراوێزەدا، هەردوو وڵات لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشانە و ئامادەکردنی زەمینە بۆ خستنەگەڕی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان"، کە بە ئامانجی بەستنەوەی عێراق بە کیشوەری ئەوروپاوە لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە کاری لەسەر دەکرێت.