ڕۆژی هەینی، فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئێران، هەنگاوێکە کە پاڵپشتی لە بونیادنانی هاوبەشییەکی عێراقی-ئەمریکی دەکات لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فۆئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە لە واشنتن لەگەڵ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و دوایین پێشهاتە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی لەسەر عێراق خراوەتە ڕوو. وەزیری دەرەوەی عێراق بە وردی تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی ئەو سزایانە لەسەر فڕۆکەخانەی نەجەف بەتایبەتی، بەهۆی ئەو گرنگییە تایبەت و هەستیارەی کە بۆ عێراق هەیەتی. لە بەرامبەردا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە داواکارییەکەی عێراق تێگەیشتووە و ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر هەڵاوێردکردن و بەخشینی گەشتەکانی پەیوەست بە شوێنە پیرۆزەکان لەو سزایانە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فۆئاد حوسێن پێزانینی عێراقی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەربڕی بەرامبەر بەو پشتگیری و قوربانییانەی شانبەشانی هێزە عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش پێشکەشیان کردووە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق پابەندە بە سنووردارکردنی چەک و هێشتنەوەی بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتی تەنها لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی وڵاتدا.
لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ستایشی تێگەیشتنی حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەی کرد بۆ گرنگیی ڕێزگرتن لە ئازادیی ئایینی و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی زیارەتکاران بە شوێنە پیرۆزەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانی لێبوردەیی و ڕێزگرتنە، و پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی عێراقی-ئەمریکی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.