بەڕێوەبەری کەناڵی زوم رایدهگهیهنێت، كاتژمێر دوی بەرەبەیانی ئهمڕۆ ههینی سەرجەم پەڕەكانی كەناڵی زوم هاك كراون و لهلایهكی دیكهوه ژمارەیەک رۆژنامەنوسی كهناڵهكه دهڵێن، نابینە بەشێک لە هیچ گەمەیەکی سیاسی و پەیوەندیمان بە زومەوە نەماوە.
ئاوێنه: هێمن مەحمود بەڕێوەبەری کەناڵی زوم لە بەیجی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوه، هێرشی ئەلیكترۆنی كراوەتە سەر پەڕەی فەڕمی كەناڵی زووم، سڕاوەتەوە، كاتژمێر دووی بەرەبەیان سەرجەم پەڕەكانی كەناڵی زووم هاك كرا."
وتوشیهتی " چی ماوە بەزووم بکرێ، هێرش دەکەن، دایدەخەن، تاڵانی دەکەن، هاکی دەکەن."
ههروهها سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی بڵاو کردوهتهوهو تێیدا هاتوه، شهوی رابردو "بەناوی کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی کەناڵی زووم راگەینراوێک بڵاوکرایەوە،. ئێمە چەند هەفتەیەکە پشتی پەردەی ئەم چیرۆکە دەزانین. ئاساییە هەر ئەندامێکیان یا کۆمەڵێک لەو میدیاکارانەی زووم دەزگایەکی تری میدیا بۆ خۆیان دروستبکەن، یان وەک ئەوەی دەیبینین کۆمەڵێک کارمەندی تری ئەو دەزگایە، کارییان دۆزیوەتەوە."
هێمای بۆ ئهوهش كردوه "ئەم بەڕێزانە دەزگا دروستدەکەن، کاریان دۆزیوەتەوە یا کارییان بۆ دۆزراوەتەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخواین، پێمان خۆش نییە یەک ڕۆژنامەنووسی کوردستان بێکار بن."
مێترۆ وتوشیهتی "بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نییە، کارێکی نایاسایی وەک داگیرکردنی ستۆدیۆی کەناڵێک، شکاندنی کەلوپەلەکانی و قەرەبوونەكردنەوەی ناشارێتەوە."
ئهوهشی خستۆتهڕو "پێمانخۆش دەبوو هەموو کارمەندانی زووم لە دەزگاکەی خۆیان ئازادانە کار بکەن، کە ئەمە نەکراو دەزگاکە بەو هۆکارانەی باسکرا، نەتوانێ وەک جاران کاری خۆی بکات، وەک میترۆ ئاگادارە زووم داوای نەکردووە کارمەندانی بەڕێزی ئەو کەناڵە بە دیار وێرانەیەکەوە دانیشن کە ستۆدیۆیەکەی چەکدار داگیریكردووە، ئەوی تری بووە بە کۆگایی کەلوپەلی رۆژنامەوانی شکاو. دەبوو گوێبیستی چیرۆکێکی تر بین، چیرۆکێک کە ڕێز بۆ یاسا و ئازادی رۆژنامەگەری بگەڕێتەوە، ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە."
لەلایەکی تر ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەناڵی زووم راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تویانه "بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووین و نابین لە هیچ گەمهیەکی سیاسی، ململانێی حزبی یان دەستوەردان و ئەجێندای کەسانێک لەناو دەزگای هەواڵگریی لایەنێکی دیاریکراو. کاری ئێمە تەنیا جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی ڕۆژنامەوانی بووه بەپێی پێوەره ئەخلاقی و سەندیکاییەکان"
ئهوهشیان خستۆتهڕ، "دووەم: بە پێویستی دەزانین روونی بکەینەوە، کە بەپێی بەدواداچوونەکان و زانیارییەکانی ئێمە، بۆمان دەرکەوتووە، لە دوای ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی زوومەوه دەرفەت هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی پەخشی کەناڵەکە، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی کراوەتە بنەمای چارەسەر. بەڕێوەبەری کەناڵی زووم، بە هەر هۆکارێک بووبێت، نەیویستووە یان نەیتوانیوە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و دەیان کارمەند و ڕۆژنامەنووس بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان."
جهختیشیان كردۆتهوه "ئێمە وەک دەیان ڕۆژنامەنووس و کارمەندی کارای ئەم دەزگایە، بەم راگەیاندراوە چیتر لە کەناڵی زووم بەردەوام نابین، بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەری زووم، ناتوانێت بە ناوی داکۆکیکردن لە ئێمە لێدوان بدات، لە داهاتووشدا ئازادین لە هەر دەزگایەکی میدیایی یان پرۆژەیەکی نوێ کاری ڕۆژنامەوانیمان درێژه پێ بدەین."