​دوای کشانەوەی هێزەکانی.. ئەمریکا هۆشداری هێرشکردنە سەر عێراق دەدات
  2026-10-01     

دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕاگەیاند، بەرپرسێکی واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری بژاردەی سەربازی نابێت لە ناو خاکی عێراقدا ئەگەر پێویست بکات.

ئاوێنە: ​لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری دروستبوونی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکان یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، سوپای وڵاتەکەی دەتوانێت لە ڕێگەی بنکە سەربازییەکانیەوە لە ئوردن، هێرش لە ناوخۆی عێراقدا ئەنجام بدات.

​ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە، سوپای ئەمریکا پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بەکۆتا گەیاند، کە جێهێشتنی بنکەی هەولێر لەلایەن دوایین کاروانی هێزەکانەوە، دوا قۆناغی ئەم پڕۆسەیە بوو. بەمەش دوای زیاتر لە دە ساڵ، قۆناغی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی هات و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن چووە قۆناغی پەیوەندییەکی ئەمنیی دوولایەنەوە، کە تێیدا بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایشی وڵات ڕادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێت، بەڵام هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام دەبێت.

​لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پرۆسەکەی بە "سەرکەوتنی ئەمریکا و عێراق و تێکشکاندنی یەکجاریی ڕێکخراوی داعش" وەسف کرد. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکانیان ئەرکێکی ڕوونیان پێسپێردرابوو و سەرکردە سەربازییەکانیش تەواوی ئامرازەکانیان لەبەردەست بووە بۆ جێبەجێکردنی. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیدارەکەی ڕەتیکردووەتەوە بوونی کاتیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، بکاتە مانەوەیەکی هەمیشەیی.

​سەرەڕای لێدوانەکانی واشنتن، شارەزایانی ئەمنی لە عێراق هۆشداری لە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە دەدەن. بە بڕوای ئەوان، ئەم کشانەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە سەردەمی جۆ بایدن سەرۆکی پێشوو پەسەند کرا و ئێستا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە جێبەجێ دەکرێت، هاوکاتە لەگەڵ ململانێ کراوەکانی ئەمریکا و ئێران. شارەزایان پێیان وایە ئەم بۆشاییە ئەمنییە لەوانەیە ببێتە هۆی دەستکاوەڵی زیاتری تاران و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، یان دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەکانی وەک داعش.

​لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نیگەرانی قووڵی خۆیان لەم هەنگاوەی واشنتن دەربڕیوە. هەڵوێستی هەولێر لەوەدا کورت دەبێتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی پێشکەوتوو، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە، بەتایبەت لەبەردەم هەڕەشەکانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارە عێراقییانەی کە نزیکن لە تارانەوە.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×