شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات سبەی ئێوارە شەپۆلی باران و هەورەتریشقە کۆتایی بێت، بەڵام لە سێشەممەوە کەشوهەوا جارێکی دیکە ناجێگیر دەبێتەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند بۆ ئەمشەو ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ لە شوێن و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
پێشبینیشی کرد کە سبەینێ شەممە، کاریگەری ئەم بارودۆخە لە ناوچە سنوورییەکانی دهۆک، هەولێر و کەرکوک کەم دەبێتەوە و کەش لەو ناوچانەدا جێگیر دەبێت، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران، هەورەبروسکەی بەهێز و تاوەبارانی مامناوەند بە پچڕپچڕ لە هەندێک کاتدا بەردەوام دەبێت و بە گشتی لە ئێوارەدا کۆتایی دێت.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کردووە کە پلەکانی گەرما بە گشتی جێگیر دەبن و خێرایی با لە نێوان ١٠ تا ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، بەڵام ئاراستەی با دەگۆڕێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕاشیگەیاند، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کەش جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە سێشەممەوە دۆخێکی نوێی ناجێگیری کەش و بەرگەهەوا لە ناوچەکەدا دەستپێدەکاتەوە.