زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق و سوریا تەرخان دەکرێت
  2026-10-03     

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە کۆبوونەوەیەکدا بەڵێنی دابینکردنی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا تەرخانکردووە.


ئاوێنە: وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرانی سیاسی و بەرپرسانی باڵای دیپلۆماسی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەبارەی رەوشی عێراق و سوریا ئەنجامداوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانان کۆتاییهاتنی ئەرکی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"ـیان لە عێراق وەک سەرکەوتنێکی هاوبەش راگەیاند و بەڵێنی دابینکردنی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ هەردوو وڵات دووپاتکردەوە.

هاوکات کۆبوونەوەکە لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بە هاوسەرۆکایەتیی ئیتاڵیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچووە.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاوبەشانی هاوپەیمانییەکە پیرۆزباییان لە عێراق و سوریا کردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوپەیمانان لە لاوازکردن و تێکشکاندنی داعش.

هاوپەیمانییەکە جەختیشیکردووەتەوە لە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، هەروەها هاوپەیمانان نوێنەرایەتیی سەرکەوتنی راستەقینەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان و پێداگریی حکومەتی عێراق دەکات بۆ بەردەوامیدان بە بەرپرسیارێتییەکانی لە پێناو رێگریکردن لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش.

پەیوەست سووریاشەوە، هاوپەیمانییەکە پێشوازی لە هەبوونی هاوبەشێک لە دیمەشق کرد کە مەترسییەکانی داعش دەناسێت و پێداگرە لەسەر کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە؛ هاوکات دووپاتیشیکردەوە کە "ئاسایشی بەردەوام لە هەردوو وڵاتدا بەستراوەتەوە بە بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییە سەروەرەکان کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکەن".

دەربارەی بڕی تەرخانکراویش، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پابەندیی دارایی خۆیان بە بەهای زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار دووپاتکردووەتەوە، ئەو بڕەیەش بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی دژەتیرۆر لە سوریا، بەرزکردنەوەی توانای دەستبەسەرکردن و گرتووخانەکان، بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و هاوکاریکردنی ئاوارە و دەستبەسەرکراوان لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا تەرخان دەکرێت.

بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، حکومەتی سوریا کارە سەرەکییەکانی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کەموکوڕییەکانی بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی خستەڕوو، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق بەردەوامیی رۆڵی سەرکردایەتیی خۆی بۆ تێکشکاندنی داعش دووپاتکردەوە.
 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×