سادیقون: لەچەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی دەنێردرێتە پەرلەمان
  2026-10-03     

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە رۆژانی داهاتوو لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبن کە یاسای حەشدی شەعبی بنێردرێتە پەرلەمان، دوای رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.


ئاوێنە: مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرایکردووە "چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی بنێردرێتە پەرلەمان و ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر بدات، زوو ئاراستەی لیژنەکەمان دەکرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەم. پاشان تێبینیی فراکسیۆنەکان وەردەگیرێ".

زیاتری وت "ئەمە پەیوەستە بە بڕگەکانەوە. ئەگەر بڕگەکان وەک خۆیان مابنەوە، پێناچێت هەمووان رازی بن، چونکە لە رابردوودا هەندێک لایەن و ئەمریکاش ناڕەزایەتییان هەبوو. بەڵام بە هەموارکردنەوەی چەند خاڵێک، رەنگە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن".

هەر بۆ ئەو مەبەستە، محەممەد کەریم بەلداوی، وتەبێژی فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا راگەیاند "تاوەکو ئێستا پڕۆژە یاساکە نەگەیشتوەتە پەرلەمان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگات". بەڵام وتیشی "دەبێت سەرەتا پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت".

پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٥ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندیکرد و دواتر نێردرایە پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنی. هەروەها پڕۆژە یاساکە لە ١٨ ماددە پێکهاتووە و تێیدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. بەڵام پاش ئەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر پڕۆژە یاساکە هاتە ئاراوە و هەوڵدرا دەنگی پێنەدرێت و تیایدا پەرلەمانتارە کوردەکان یەکێک بوون لە دەنگە ناڕازییەکان.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×