لە وتاری نوێژی هەینی شاری نەجەفدا، سەدرەدین قوبانچی، پێشنیازێکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد کە تیایدا داوا دەکات مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە دۆلاری ئەمریکی دابەش بکرێت.
ئاوێنە: قوبانچی تیشکی خستە سەر پرسی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە دەنگی هاووڵاتیان دەکات بۆ ئەوەی حکومەت پێداچوونەوە بەم دۆخەدا بکات. ڕوونیشی کردەوە کە نزیکەی ٪٩٠ی داهاتی دارایی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، لە کاتێکدا کەرتی گەشتیاریی ئاینی تەنها ٪٣ی کۆی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
سەبارەت بە کەرتی وزە و هەناردەکردنی نەوت، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بوونی کێشەی کاتی لە هەناردەکردندا، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بکەن. ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی عێراق پێشتر ڕایگەیاندووە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکانی عێراقدا کراوەیە، کە تەنها لە مانگی ڕابردوودا بڕی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە ئەگەر دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی عێراق ناچاری بێت و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، ئەوا بۆ پاراستنی بژێوی ژیانیان، پێویستە حکومەت بڕیار بدات مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار دابەش بکات.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا و لەسەر ئاستی مرۆیی و تەندروستی، قوبانچی ئاماژەی بە بڕیارێکی نوێی عەتەبەی حوسەینی کرد کە ڕایانگەیاندووە پێشوازی لە نەخۆشە فەلەستینییەکان دەکەن و سەرجەم تێچووەکانی گواستنەوە و چارەسەرکردنیان بەبێ بەرامبەر لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها سوپاسی ئەو هەنگاوەی عەتەبەی حوسەینی کرد و بە نیشانەیەکی گرنگی هەڵوێستی مەرجەعیەت و پێکهاتەی شیعەی لە عێراق بەرامبەر بە پرسە هاوبەشەکانی موسڵمانان وەسف کرد.