سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، بەنیازە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کابینەی حکومەتەکەیدا بکات لە ڕێگەی زیادکردنی سێ وەزارەتی نوێوە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکان دێت بۆ بەشدارپێکردن و لەخۆگرتنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە بڕیاری چەکدانان و چوونە ناو پرۆسەی سیاسییان داوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، دوو لەو وەزارەتە نوێیانە پشکی ئەو لایەنانە دەبن. بڕیارە وەزارەتێکی نوێ بەناوی "وەزارەتی ژیریی دەستکرد" پێکبهێنرێت و پۆستەکە بدرێتە محەمەد دەراجی، کە کاندیدی کەتائیبی ئیمام عەلییە. هاوکات، کەرتی گەشتوگوزار لە وەزارەتی وەرزش و لاوان جیادەکرێتەوە و دەکرێتە وەزارەتێکی سەربەخۆ، کە بڕیارە پشکەکەی بۆ کەتائیبی سەیدوشوهەدا بێت.
سەبارەت بە وەزارەتی سێیەم، کە بەناوی "وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە" پێشنیاز کراوە، بڕیارە بۆ پێکهاتەی تورکمان تەرخان بکرێت و محەمەد سەمعان وەک کاندیدی ئەو پۆستە دیاری کراوە. سەبارەت بەم وەزارەتە، پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی هەیە و پێی وایە دروستکردنی ئەم پۆستە نوێیە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و کێشە لەبەردەم کارەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
لە ڕووی ئابوورییەوە، شارەزایانی دارایی هۆشداری دەدەن لە ئاکامەکانی ئەم بڕیارە. بە بڕوای ئەوان، دامەزراندنی ئەم سێ وەزارەتە نوێیە، ساڵانە بارگرانییەکی دارایی بە بڕی زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار دەخاتە سەر شانی حکومەت. ئەم خەرجییە زۆرەش لە کاتێکدایە کە عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و قەیرانی دارایی بووەتەوە و خواستێکی زۆر هەیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان.