لێدوانێکی سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق سەبارەت بە فڕێدانی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ ناو روباری دیجلە بەبێ هیچ چارەسەرێک، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ئاوێنە: وەزیری ژینگە لە میانی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگاداری ئەو پاشماوە و مادانە بووە کە دەکرێنە ناو روبارەکەوە، ئێستا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکات و دوودڵە لە خواردنی ماسی. روونیشیکردەوە، بەشێک لەو پاشماوانەی دەکرێنە ناو دیجلەوە بریتین لە پاشماوەی نەخۆشخانەکان و پاشماوەی خوێنی نەخۆش، کە رەنگە هەندێکیان هەڵگری نەخۆشی مەترسیداری وەک ئایدز بن.
پێشتریش لە ٢٤ی ئەیلوولی رابردوودا، وەزیری ژینگە هۆشداری دابوو لەوەی عێراق رووبەڕووی "کارەساتێکی ژینگەیی راستەقینە" بووەتەوە، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی پیسبوونی ئاو و هەوادا. هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە کە وەزارەتەکەیان بەنیازە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەرپرس و لایەنانە تۆمار بکات کە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتی ئەو دامەزراوە حکومییانەی کە بە وتەی ئەو، بەدەم داواکارییەکانی وەزارەتی ژینگەوە ناچن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا هاوتا بووە لەگەڵ مەترسی پیسبوونی هەردوو روباری دیجلە و فورات. لەم روانگەیەشەوە داوای کرد سزای توندتر بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنرێت، هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر میکانیزمەکانی ئێستای چارەسەرکردن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا بەشێک لە گوند، لادێ و تەنانەت شارەکانیش بۆ ژیانکردن شیاو نامێنن.