سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا ئاستی ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکرێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردووە کە تێیدا بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەربازی ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگریی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە لەسەر دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی هێزە ئەمنییەکان، بە جۆرێک کە پاراستنی ئاسایش، سەروەری و پارێزگاریکردن لە خاک، ئاسمان و سنوورە ئاوییەکانی عێراق مسۆگەر بکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی ئاستی ئامادەییی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرا، بەتایبەت لە رووی دابینکردنی کەلوپەل و تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو بۆ هێزەکانی ئاسمانی، دەریایی و بەرگریی ئاسمانی، و لەو چوارچێوەیەشدا عەلی زەیدی فەرمانی کرد کە تەواوی هێزەکان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.