نەوتی عێراق: هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 2.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە
  2026-10-13     

بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە 2.7 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە، بەجۆرێک 2.4 ملیۆن لە باشورو 300 هەزاری لە باكور.


ئاوێنە: سەلیم رکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی رایگەیاند "هەناردەی نەوتی خاوی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 2.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، پلانیش هەیە بۆ زیادکردنی بڕی هەناردەکراو لەڕێگەی دەروازەکانی باکور و باشورەوە و گەیشتن بە توانای بەردەست بۆ هێڵی هەناردەکردنی عێراقی-تورکی".

وتیشی "وەزارەتی نەوت هەوڵدەدات پارێزگاری لە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و زیادکردنی بڕەکەی بكات، لە سایەی بەردەوامیی قەیرانی گەرووی هورمز کە بە قەیرانێکی وزەی جیهانی دادەنرێت".

رکابی رونتر دوا، "بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاوی عێراق بەرزبوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؛ دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا لە دەوروبەری 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بوو، لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی 2.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، سەرەڕای ئەو بارودۆخ و ئاڵنگارییانەی کە قەیرانی گەرووی هورمز سەپاندویەتی".

وەک وتەبێژەی وەزارەتی نەوت دەڵێت "زۆربەی بڕە هەناردەکراوەکان لەڕێگەی دەروازەکانی باشورەوە دەڕۆن، لەکاتێکدا هەناردەکردن لەڕێگەی دەروازەکانی باکوورەوە نزیکەی 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، جا چ لەڕێگەی گواستنەوە بە تانکەر یان هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بێت، جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕانە ڕێژەیەکی بەرزن لەسایەی ئەو بارودۆخەی ئێستادا.

راشیگەیاند "وەزارەت پلانی هەیە بۆ زیادکردنی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو، چی لەڕێگەی دەروازەکانی باشورەوە بێت یان لەرێگەی بەهێزکردنی پرۆسەکانی گواستنەوە بە تانکەر بەرەو دەروازەکانی باکورو ئامانج ئەوەیە توانای هەناردەکردن لەرێگەی هێڵی عێراقی-تورکی کە نزیکەی 700 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، وەزارەت کار دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو رێژەیە.

سەلیم رکابی باسی لەوەشكردووە، بۆریی عێراقی-تورکی توانایەکی دیزاینکراوی دەگاتە 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا کەمترین توانای دیاریکراو بەپێی رێککەوتنامەی کاتیی واژۆکراوی نێوان هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی 750 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

ئەوەشی خستەروو، ئەو بڕەی لە ئێستادا لەرێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت نزیکەی 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکداو وەزارەتی نەوت بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ قۆستنەوەی کەمترین توانای دیاریکراو کە لاینیکەم 750 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بە شێوازێک بەشدار بێت لە زیادکردنی هەناردەی نەوت و دابینکردنی دەروازەی زیاتر بۆ ساغکردنەوەی نەوتی خاوی عێراق.

"وەزارەتی نەوت پلانی هەیە بۆ راکێشانی بۆری تر بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، لەوانە بۆری("بەسرە - حەدیسە – فیشخابو)"، و بۆری("بەسرە - حەدیسە – بانیاس) و كاردەكەن بۆ تەواوکردنی دانوستانەکانی پەیوەست بەم پرۆژانە، لە چوارچێوەی ئاڕاستەکانیدا بۆ فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و بەهێزکردنی پرۆسەکانی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق". وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق وایوت
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×