بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی داتا، ئامار و لێکۆڵینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی لە وڵاتدا لە ئاستێکی جێگیر و بەهێزدایە، بە جۆرێک کە توانای دابینکردنی تێچووی هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکانی بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر هەیە.
ئاوێنە: سەمیر فەخری نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی داتا، ئامار و لێکۆڵینەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق، دوێنێ لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق کرد و تیشکی خستە سەر پرسی یەدەگی دراوی بیانی.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی، لەئێستادا قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیردایە و بەشی پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی هاوردەکردن بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر دەکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، قەبارەی قەرزی دەرەکیی سەر عێراق بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانی حکومەت، سەمیر فەخری نیعمە ڕوونیکردەوە کە خەرجییەکانی مانگانەی حکومەتی عێراق لە نێوان ٩ بۆ ١٠ ترلیۆن دیناردایە، پرۆسەی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەش بە شێوازی قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە داهاتەکان و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی نەختینەیی، بەڕێوەبەرە گشتییەکەی بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە زیادبوونی هەناردەی نەوت لەم مانگە و مانگی ڕابردوودا، کە تێکڕای ڕۆژانەی ٢.٥ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، زەمینەیەکی لەبارتری بۆ دابینکردنی خەرجییە گشتییەکان ڕەخساندووە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارە داراییە ڕاستەوخۆکانی سەر بانکی ناوەندیی عێراق.