​دوای زیاتر لە نیو سەدە وەستان؛ هێڵی دەریایی عێراق لە نێوان ئاڵنگارییەکانی گەرووی هورمز و کێبڕکێی بازرگانیدا دەست بە گەشتەکانی دەکاتەوە
  2026-10-14     

​گواستنەوەی دەریایی نیشتمانیی عێراق ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر هێڵە بازرگانییە هەرێمییەکان، ئەمەش لە رێگەی ئەنجامدانی گەشتێکی ئەزموونی لە بەندەری جەبەل عەلی لە میرنشینی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە، کە بڕیارە نزیکەی ٥٠٠ کۆنتێنەری بارهەڵگری جۆراوجۆر بگوازێتەوە.

ئاوێنە: ​ئەم هەنگاوە کەشتییە عێراقییەکان دەگەڕێنێتەوە سەر رێڕەوێکی دەریایی کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لێی دابڕابوون. پرۆسەکە تەنیا گەشتکردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ توانای کێبڕکێکردن و بەردەوامبوون لە ژینگەیەکی هەرێمیی ئاڵۆزدا.

​وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاندووە کە یەکەمین گەشتی هێڵی گواستنەوەی دەریایی، کە بە "هێڵی عێراقی" ناسراوە، لە ١٥ی تشرینی یەکەم ئەنجام دەدرێت. ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتەکەدایە بۆ چالاککردنەوەی گواستنەوەی نیشتمانی و بەهێزکردنی جووڵەی کاڵا و شمەک لە رێگەی بەندەرە عێراقییەکانەوە. بەڵام گەڕاندنەوەی ئەم رێڕەوە دوای دەیان ساڵ وەستان، پرسیار لەسەر هۆکارەکانی پەککەوتنی پێشووی، سوودی ئابووریی گەڕانەوەکەی، و توانای عێراق بۆ فراوانکردنی پێگەی دەریایی خۆی دروست دەکات، بەتایبەت لە ناوچەیەکدا کە رێگە بازرگانییەکانی راستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەریی گرژییە ئەمنییەکان و دۆخی ئێستای گەرووی هورمز.

​کێبڕکێ لەسەر تێچووی گواستنەوە و پاڵپشتیی حکومی

​تالیب بودەیری، وتەبێژی راگەیاندنی گواستنەوەی دەریایی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ "ئەلجەزیرە" ئاماژەی بەوە کردووە کە کەشتییە عێراقییەکان، لەوانەش (بەسرە، حەدبا، بەغدا و موسەننا)، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و راهێنانی تیمە دەریاییەکان، بە تەواوی بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان ئامادەن. بودەیری بەگەڕخستنەوەی ئەم هێڵە بە "پرۆژەیەکی نیشتمانی و سەروەری" ناودەبات کە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ چالاککردنەوەی رۆڵی گواستنەوەی عێراقی لە جووڵەی بازرگانیدا.

​بە وتەی ناوبراو، گرنگیی هێڵەکە تەنیا لە دەستپێکردنەوەی گەشتەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو خزمەتگوزاریی گواستنەوە بە نرخێکی کێبڕکێکار پێشکەش بە بازرگانان دەکات. ئەو سووتەمەنییەی لە کەشتییە عێراقییەکاندا بەکاردەهێنرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە پاڵپشتی دەکرێت. هاوکات، بەهۆی ئەوەی خاوەندارێتیی کەشتییەکان بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، دەتوانن راستەوخۆ بچنە ناو بەندەرە عێراقییەکانەوە بەبێ ئەوەی لە ناوچەکانی چاوەڕوانیدا نۆرە بگرن؛ ئەم تایبەتمەندییەش کات کورت دەکاتەوە و تێچووی گواستنەوەی بارەکان کەمدەکاتەوە.

​سەرەڕای ئەم ئاسانکارییانە، پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە دیارترین ئاڵنگارین لەبەردەم ئەم پلانانەدا. بودەیری روونی دەکاتەوە کە شەڕی بەردەوام و داخستنی گەرووی هورمز، وایان لێدەکات بەدوای رێڕەوی جێگرەوەدا بگەڕێن تاوەکو بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی مسۆگەر بکەن و پشتبەستن بەو رێڕەوانە کەم بکەنەوە کە بەهۆی گرژییە هەرێمییەکانەوە پەکیان دەکەوێت.

​هەوڵەکان بۆ خۆلادان لە گەرووی هورمز

​لە چوارچێوەی دۆزینەوەی چارەسەردا، گواستنەوەی دەریایی عێراق تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات بۆ فراوانکردنی جووڵەی کاڵاکان لە بازاڕە ئاسیاییەکانی وەک چین و هیندستانەوە، بە جۆرێک کە رێڕەوەکان بە گەرووی هورمزدا تێنەپەڕن. یەکێک لەو پێشنیارانەی خراوەتە روو، گواستنەوەی بارەکانە لە رێگەی وشکانییەوە بۆ بەندەرەکانی عومان، و دواتر تەواوکردنی گەشتەکە بە رێگەی دەریایی لە ئیماراتەوە تا دەگاتە بەسرە. هەرچەندە ئەم رێڕەوە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئاماژەیە بۆ ئاراستەیەکی نوێ بەرەو دۆزینەوەی جێگرەوەی لۆجستی کە لەم دۆخەدا بەردەوامیی بازرگانی بپارێزێت.

​گەڕانەوەی هێڵی گواستنەوەی دەریایی عێراق لە کاتێکدایە کە هاتووچۆی دەریایی لە کەنداودا رووبەڕووی شڵەژانی ئەمنی بووەتەوە بەهۆی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران. ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ نزمترین ئاست لەگەڵ زیادبوونی مەترسی و هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئێران، نزیکەی ٢٠%ی دابینکردنی جیهانی لە نەوتی خاو، پێکهاتەکانی و گازی سروشتیی شل بەم گەرووەدا تێدەپەڕین.

​بەستنەوەی تۆڕێکی گواستنەوەی گشتگیر و رێگەی گەشەپێدان

​بەگەڕخستنەوەی ئەم هێڵە دەریاییە بەشێکە لە سیاسەتی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ چالاککردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی داهاتی نەوتی بەغدا بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز کەمیکردووە، کە پێشتر بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی عێراقی پێدا تێدەپەڕی.

​حوسێن ئەحمەد کەربەلائی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی گواستنەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کاراکردنەوەی گواستنەوەی دەریایی لە چوارچێوەی پلانێکی فراوانتردایە بۆ بووژاندنەوەی گواستنەوەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی، بە ئامانجی زیادکردنی پشکی ئەم کەرتانە لە داهاتی دەوڵەتدا. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەزارەتەکەیان ئامانجی دوورخستنەوەی کۆمپانیاکانی دیکەی گواستنەوە یان کەرتی تایبەت نییە، بەڵکو هەوڵی تەواوکاری دەدات لەگەڵیاندا بۆ فراوانکردنی جووڵەی بازرگانی.

​کەربەلائی سەرکەوتنی ئەم هێڵە دەبەستێتەوە بە توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ تۆڕی گواستنەوەی هەرێمی، لە رێگەی رێککەوتننامەکانی تایبەت بە گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتیی سنووربەزێن و بارکردنی فرەجۆر (کە زیاتر لە هۆکارێکی گواستنەوە لە یەک رێڕەودا کۆدەکاتەوە). ئەم دیدگایە درێژدەبێتەوە بۆ "پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان" کە بەغدا گرەوی لەسەر دەکات بۆ بەستنەوەی رێگە بازرگانییەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا و بەهێزکردنی پێگەی عێراق وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان هێڵە دەریایی و وشکانییەکان و هێڵی شەمەندەفەر، وەک ئامانجێک دەمێنێتەوە کە پێویستی بە رێکخستنی کارگێڕی، وەبەرهێنان و رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە بۆ مسۆگەرکردنی گواستنەوەی کاڵاکان بە شێوەیەکی کارا.

​پاشخانی مێژوویی گواستنەوەی دەریایی عێراق

​رەگوڕیشەی گواستنەوەی دەریایی بازرگانی لە عێراقدا بۆ ساڵی ١٩٥٢ دەگەڕێتەوە، کاتێک کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراقی بەپێی یاسای ژمارە ٧٦ دامەزرا، بە ئامانجی کڕین و بەکرێگرتنی کەشتییەکان و وەرگرتنی بریکارنامەی کۆمپانیا دەریاییەکان.

​لە ساڵی ١٩٥٩دا کۆمپانیاکە لقێکی لە بەسرە کردەوە، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٢دا دوو کەشتی بە ناوەکانی "١٤ی تەمموز" و "عەبدولکەریم قاسم" (کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ١٤ی رەمەزان) وەربگرێت. لەگەڵ فراوانبوونی چالاکییەکانیدا، کۆمپانیاکە هێڵێکی رێکخراوی خستە کار کە بەندەرەکانی باکووری ئەوروپا و ئینگلتەرای بە بەندەرەکانی کەنداوی عەرەبییەوە دەبەستەوە، هەروەها کەشتیگەلەکەی لەو قۆناغەدا فراوانتر بوو و چەندین کەشتیی دروستکراوی رووسیا، ژاپۆن و ئەڵمانیای لەخۆگرت. ئەم وێستگە مێژووییانە نیشانی دەدەن کە گواستنەوەی دەریایی عێراق لە قۆناغەکانی پێشوودا خاوەنی تۆڕێکی کارپێکردن بووە کە سنووری بەندەرە ناوخۆییەکانی تێپەڕاندووە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی دەوڵەت لە بازرگانیی دەرەکیدا.

​لە نێوان ئەنجامدانی گەشتە ئەزموونییەکە و لێکۆڵینەوە لە فراوانکردنی تۆڕە دەریاییەکە، چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن کە ئاخۆ هێڵی گواستنەوەی دەریایی دەتوانێت خزمەتگوزارییەکی بەردەوام و خاوەن سوودی ئابووری پێشکەش بکات یان نا. گەڕاندنەوەی ئەم رێڕەوە دوای زیاتر لە نیو سەدە دەستپێکێکی نوێیە بۆ گواستنەوەی نیشتمانی، بەڵام بەدەستهێنانەوەی رۆڵی لە بازرگانیی هەرێمیدا پەیوەستە بە توانای دابینکردنی تێچوویەکی کێبڕکێکار، بەردەوامیی لە خزمەتگوزارییەکان و توانای کارکردن لە ناوجەرگەی مەترسییە دەریاییە هەرێمی و جیهانییەکاندا.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×