لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی عێراق گۆڕانکاریی فەرمی لە نرخی فرۆشتنی دۆلاردا کردووە، شارەزایەکی ئابووری ڕەخنەی توند لە سیاسەتی ئابووریی حکوومەت دەگرێت و دەڵێت دامەزراوە فەرمییەکان خۆیان پێشەنگن لە بەرزکردنەوەی نرخ و کرێی خزمەتگوزارییەکان، لە کاتێکدا داوا لە بازرگانان دەکەن نرخەکان ڕابگرن.
ئاوێنە: د. نەبیل مەرسوومی، ئابووریناس و ئەکادیمی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە جێی سەرسوڕمانە داوا لە کەرتی تایبەت و بازرگانان بکرێت نرخەکانیان بەرز نەکەنەوە، لە بەرامبەردا دامەزراوە حکوومییەکان وەک کۆمپانیای گەشتیاری ئاسمانیی عێراق نرخی بلیتەکانیان بەرز کردووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسێتیش نرخی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی زیاد کردووە، هەروەها پێشبینی کرد کە دامەزراوەکانی تری دەوڵەتیش بە هەمان هەنگاو نرخ و خزمەتگوزارییەکانیان گران بکەن.
ئەم ڕەخنە و نیگەرانییانە لە کاتێکدا دێن کە بانکی ناوەندیی عێراق لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی دۆلار بۆ هاووڵاتییان لە ١٣٢٠ دینارەوە بۆ ١٥٢٠ دینار بگۆڕێت و لە ٧ی هەمان مانگیشدا خستیە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەهۆیەوە بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان نرخی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ٩١ هەزار دینارەوە بۆ ١٠١ هەزار دینار بەرز بووەوە.