ئەمڕۆ سێشەممە (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦)، کەناڵی (حەدەس) بڵاویکردەوە کە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە سەردانێکی نهێنی و رانەگەیەندراو گەیشتووەتە ئیسرائیل.
ئاوێنە: لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمەریکی زانیاریی زیاتری لەسەر ئامانجی سەردانەکە ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیشیان تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی پرسی دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.
ئەم سەردانەی بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن بۆ ئیسرائیل بە فەرمی رانەگەیەندراوە و کاتەکەشی یەکدەگرێتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل، کە بڕیارە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەر) بەڕێوە بچێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دوای گفتوگۆ و راوێژەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێت هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بگیرێتە بەر. هاوکات سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە کە کۆبوونەوەکەی نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی (عۆڤدا) لە باشووری ئیسرائیل بەڕێوەچووە، کە ئەو بنکەیە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمەریکای لێ جێگیر کراوە.