ئاژانسی رۆیتەرز: عەرەبەکان دەبنە ژمارەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەتەنیاهۆ
  2026-10-20     

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) کە بڕیارە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەردا ئەنجام بدرێت، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی عەرەب لە ئیسرائیل بانگەوازێکی فراوانیان ئاراستەی دەنگدەرانی عەرەب کردووە تاوەکو بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەکەدا بکەن، بە مەبەستی رەخساندنی زەمینەی گۆڕانکاری و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە. هاووڵاتییە عەرەبەکانی ئیسرائیل، کە لە بنەڕەتدا فەلەستینین، نزیکەی ٢١٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن و ئاستی بەشداریکردنیان لە دەنگداندا کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر شێوازی پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەتی داهاتوو دەبێت.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتی «لیستی یەکگرتووی عەرەبی» رایگەیاندووە کە زیادبوونی رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی عەرەب دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ. عەباس ئامانجە سەرەکییەکانی پارتەکەی لە چەند خاڵێکدا خستووەتە روو، کە بریتین لە: کۆتاییهێنان بە شەڕەکان، راگرتنی پرۆسەی فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان، رووبەڕووبوونەوەی هێرشی کۆمەڵگەنشینەکان و دابینکردنی ئاسایشێکی هاوبەش بۆ هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسرائیل.

​لەلایەکی دیکەوە، راپرسییەکان ئاماژە بە کێبڕکێیەکی نزیک دەدەن لە نێوان بەرە سیاسییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی ١٢٠ کورسییەکەی کنێست. بەپێی پێشبینییەکان، هاوپەیمانیی پارتە میانڕەو، راستڕەو و چەپڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل، نزیکەی ٥٢ کورسی بەدەست دەهێنێت. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانییە ئایینی و نەتەوەییەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ پێشبینی دەکرێت ٥٠ کورسی مسۆگەر بکات. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت پارتەکەی مەنسوور عەباس ٥ کورسی و هاوپەیمانیی سێ پارتە عەرەبییەکەش کە بە «لیستی هاوبەش» ناسراوە، ٨ کورسی بەدەست بهێنن.

​سەرەڕای ئەم ئامارانە، ئایزنکۆت تاوەکو ئێستا هاوکاریکردنی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکاندا رەتکردووەتەوە و ناکۆکیی نێوانیانی لەسەر هەڵوێستی ئەو پارتانە بەرامبەر بزووتنەوەی حەماس کردووەتە پاساوی رەتکردنەوەکەی. لەگەڵ ئەوەشدا، مەنسوور عەباس هیواخوازە لێکدانەوە و پێویستییەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە دوای هەڵبژاردن، ئەو هەڵوێستە بگۆڕێت. وەک هەنگاوێکیش بۆ راکێشانی دەنگدەرانی جوو، پارتەکەی عەباس، یۆئاڤ سێگالۆڤیتز، بەرپرسی پێشووی پۆلیسی لە ریزبەندی دووەمی لیستەکەیدا بۆ هەڵبژاردن داناوە. هاوکات ئەحمەد تیبی، یەکێک لە سەرکردەکانی «لیستی هاوبەش» رایگەیاندووە کە پارتە عەرەبییەکان دەتوانن بەبێ بوونە ئەندام لە ناو کابینەی حکومەتدا، پشتیوانی لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی جێگرەوە بکەن.

​سەبارەت بە ئاستی بەشداریی دەنگدەران، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی دامەزراوەی توێژینەوەی «ستات نێت»، رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی عەرەب ئەگەری هەیە لە ٥٦٪ لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٢ەوە بۆ ٦٣٪ لەم هەڵبژاردنەدا بەرز ببێتەوە. ناڕەزایەتی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی نەتەنیاهۆ، پلانەکەی بێزالیل سمۆتریچ بۆ فراوانکردنی نیشتەجێکردنی جووەکان لە ناوچە عەرەبنشینەکان و زیادبوونی رێژەی تاوان لەناو کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا، وەک هۆکارە سەرەکییەکانی جۆشدان و هاندانی دەنگدەرانی عەرەب دەستنیشان کراون.

​ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی گشتییە لە ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی بزووتنەوەی حەماس. شکستخواردنی پارتە سیاسییەکان لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک کە لانیکەم ٦١ کورسی مسۆگەر بکات، دەکرێت وڵاتەکە بەرەو چەقبەستووییەکی سیاسی ببات و سەربکێشێت بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٧دا.

زۆرترین بینراو
هومام حەمودی نەخشەڕێگەی چەکداماڵینی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و چوونەدەرەوەی پەکەکە و سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات
دەروازەی باشماخ دەنگۆی دەستگیرکردنی سۆران عومەر و کوڕەکەی ڕەتدەکاتەوە
پارێزه‌رێك له‌سه‌ر ده‌رهێنانی ده‌مانچه‌ له‌ناو دادگای هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
پاریس لەژێر گەمارۆی خۆپیشاندەراندا؛ وەزیری ناوخۆی فڕەنسا دان بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنیدا دەنێت
ڤیان حەبابی: شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە لە شنگال دەمێننەوە
"پەتا"ی ناڕەزایی‌و توندوتیژیی لەفەرەنساوە بۆ ئیتاڵیاو بەلجیکاو ئەلبانیا (بەوێنە)
له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی "بابه‌تی نه‌شیاو"، دادگای كه‌رخ سزای زیندانی بۆ ئه‌م سێ كچه‌ ده‌ركرد
​وتەبێژی یەبەشە: پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانمان هەنگاوێکی فەرمییە و پێویستی بە جیدیەتی دەوڵەت هەیە
وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم: زیاتر له‌ 500 ملیار دیناری قه‌رزی پێش روناكی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌
پژاك: لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا له‌ سنوری مه‌ریوان هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نه‌كه‌وتوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×