دۆسیەی نەوتی "جورف ئەلسەخر" گرژییەکانی نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەتائیبی حیزبوڵڵا قووڵتر دەکاتەوە
  2026-11-16     

ململانێ و گرژییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی "جورف ئەلسەخر" لە ناوەڕاستی عێراق پەرەدەسەنێت؛ لە کاتێکدا حکومەت ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی توند دەگرێتەبەر، گرووپە چەکدارەکە تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و دۆسیەکە بە هەوڵێک بۆ چەککردنیان دەبەستێتەوە.

ئاوێنە: ​ڕۆژی یەکشەممە، کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی لە بەیاننامەیەکدا بوونی هەر جۆرە کردەوەیەکی بەقاچاخبردنی نەوتی لە ناوچەی جورف ئەلسەخر (کە بە پێگەی سەرەکیی گرووپەکە دادەنرێت لە پارێزگای بابل) ڕەتکردەوە. لە بەیاننامەکەدا نووسینگەی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەم دۆسیەیەی وەک کارتێکی فشار دروست کردووە بۆ ناچارکردنیان بە دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان.

​ئەم کاردانەوەیەی کەتائیبی حیزبوڵڵا دوای ئەوە هات کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناوچەی جورف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل، بڕیاری دوورخستنەوەی نۆ بەرپرسی لە کەرتەکانی ئاسایش و وزە دەرکرد و ڕێنمایی دا بۆ ڕەوانەکردنی سەرجەم تێوەگلاوانی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگا.

​پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممەدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردبوو، بڵاویکردەوە کە کردەوەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف ئەلسەخر بوونی هەیە، کە تێیدا ئامێری تایبەت بۆ کونکردنی بۆرییەکان، عەمبارکردنی نەوت و ڕێڕەوی تایبەت بۆ گواستنەوەی بە قاچاخ بەرەو بەغدا بەکارهێنراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەو کارە لەلایەن "گرووپێکی چەکدارەوە بەبێ پچڕان و بۆ ماوەی چەندین ساڵی درێژ" ئەنجام دراوە.

​لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە نووسینگەی سەرۆکوەزیران پەنا بۆ "شێوازی سەرکوتکارانە و هەڵبەستنی تۆمەت" دەبات بە مەبەستی خستنەژێرباریان بۆ "گەورەترین کردەوەی باجگیریی سیاسی تاوەکو دەستبەرداری چەکەکانیان ببن".

​سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینە مەیدانییەکانیش، گرووپەکە ڕایگەیاندووە کە ئەو لیژنە هونەری و پیشەییەی چووەتە ناو شارەکەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستیی تۆمەتەکان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەکی لەسەر بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە تۆمار نەکردووە، کە بە گوتەی ئەوان "بە تەواوی ناڕاستیی بانگەشەکانی بەقاچاخبردنی نەوت دەسەلمێنێت."

​کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕوونیشی کردووەتەوە، هەموو ئەوەی لە ڕێگەی وێنە و پشکنینی مەیدانییەوە تۆمارکراوە، تەنها چەند خەزانێکی سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنی بووە کە "سەدان هاوشێوەی لە عێراقدا هەیە"، و مەبەست لێی دابینکردنی سووتەمەنی بووە بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، ئامێرە قورسەکان، مۆلیدەکانی گازوایل و ئامێرە جەنگییەکان.

​ئەم ململانێیەی نێوان حکومەت و کەتائیبی حیزبوڵڵا لە کاتێکدایە کە فشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە نزیکەکان لە تاران ڕوو لە زیادبوونە؛ هەنگاوێک کە عەلی ئەلزەیدی لەوەتەی زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر و بە پشتیوانیی ئەمریکا پۆستەکەی وەرگرتووە، بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە، لە کاتێکدا کەتائیبی حیزبوڵڵا جەخت لەسەر هێشتنەوەی چەکەکانی دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
یەکێتی گوناحە، لای مێزەکەی "هەرێمە نوێکە" چی دەگوزەرێت؟
محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ كه‌ریم خان برادۆستی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان كرد
وته‌بێژی پارتی: هه‌وڵی زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌ده‌ین
دادگای فیدراڵی دۆسیەی موڵکە حکومییەکانی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە
دادگای فیدراڵی داوایەکی یەکێتی و نەوەی نوێی بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە
شاسوار عه‌بدولواحید: سێ بژارده‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌، سبه‌ی ده‌چینه‌وه‌ به‌غدا بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكان
گرژییەکانی سوریا قووڵتر دەبنەوە؛ گروپێکی نزیک لە ئێران هەڕەشەی تیرۆرکردن لە فەرماندەکانی دیمەشق دەکات
شارەزایەکی ئابووری ڕێڕەوەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم و ڕۆڵی کۆمپانیای DNO ئاشکرا دەکات
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×