لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەکدارانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕوویدا و هەردوولا زانیاریی جیاواز لەبارەی شێوازی ڕووداوەکە و زیانەکان بڵاودەکەنەوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران، هێزەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان ڕووبەڕووی گرووپێکی چەکداری سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوونەتەوە، کە یەکێکە لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران. سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە توانیویانە هەوڵی ئەو گرووپە بۆ دزەکردنە ناو خاکی ئێران شکست پێبهێنن. بە وتەی ئەو دامەزراوە سەربازییەی ئێران، گرووپەکە نیازی ئەنجامدانی کردەوەی "تیرۆریستی"یان هەبووە، و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەشدا دەست بەسەر بڕێک چەک، کەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنیی ئەو هێزەدا گیراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیاننامەکەی سوپای پاسداران هیچ ئاماژەیەکی بە کاتی وردی ڕوودانی پێکدادانەکە نەکردووە، بەڵام پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لای خۆیەوە ڕووداوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و زانیاریی زیاتری خستووەتە ڕوو. پژاک ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لە ناوچەی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسداران بۆسەیەکیان بۆ گرووپێک لە چەکدارەکانیان داناوەتەوە و لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا ئەندامێکیان شەهید بوە.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە لە کاتێکدایە کە پژاک و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران، خاوەنی بنکە و بارەگان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. لەوەتەی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، ئەو بنکە و بارەگایانە چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی تاران.