وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەت ئاراستەیەکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ یەکلاکردنەوە و کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە دۆسیەی کارمەندانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردن و دامەزراندنیان لەسەر میلاکی هەمیشەیی دەوڵەت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکدا لە دیداری ناوەندەکانی هزری عێراقی – تورکی، ڕایگەیاند: "ئاراستەیەک لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ سفرکردنەوە و داخستنی دۆسیەی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە، لە ڕێگەی دامەزراندنیان لەسەر میلاکی هەمیشەیی."
سەبارەت بە ماف و شایستەکانی ئەو توێژە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی جێگیرکردنی کارمەندانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانەدا، سەرجەم ساڵانی خزمەتی پێشوویان بۆ هەژمار دەکرێت.
هاوکات فالح ساری ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵێکی جیدی لەئارادایە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان، هاوشان لەگەڵ بەهێزکردنی سەقامگیریی وەزیفی و دارایی لە تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.