بەرپرسێكی ئەمریكی: رەنگە ئێران بەرپرس بێت لەهێرشەكەی سەر بنكەی سەربازی بەلەد
  2019-12-07       1088       

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە ئێران بەرپرس بێت لەو هێرشەی كە رۆژی پێنجشەممە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین لەعێراق بەڵام واشنتۆن هێشتا چاوەڕێی بەڵگەی زیاترە.

ئاوێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دو موشەكی جۆری كاتیۆشا لەنێو بنكەی سەربازی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین كەوتونەتەوە خوارەوە كە ئەو بنكە سەربازییە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت. 

بەپێی بەیاننامەكەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان لو هێرشەوە نەكەوتۆتەوە.

تا ئێستا هیچ كەس بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندوە. 

بەڵام دەیڤید شینكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، لەوبارەیەوە رایگەیاند"ئێمە چاوەڕێی هەمو بەڵگەكانین...بەڵام ئەگەرێكی زۆر هەیە كە ئێران بەرپرسیار بێت لەو هێرشە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممەی رابردو پێنج موشەكەی دیكە لە بنكەی عەین ئەسەد كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت لەپارێزگای ئەنبار كەوتنە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانیان لێ بكەوێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×