2019-12-15   896     
لیژنهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوەوە و واژووی لەسەر رەشنووسی پەیڕەوی کۆنگرەی چوارەم کرد.
ئاوێنه: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئۆرگانە میدیاییەکانی حیزبەکەیان، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی لیژنهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتی رایگەیاند کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی پەیڕەو پڕۆگرامی ئامادەکاری بوو، ئەم لیژنەیە ٦-٧ ساڵە کارەکەی بەردەوام بووە، یەکێک لە ئەرکە ئاڵۆزەکان خرایە ئەستۆی ئەم لیژنەیە کە ئامادەکردنی پەیڕهو و پڕۆگرام بوو بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، قورسی کاری ئەم لیژنەیە ئەوەبوو چۆن بتوانرێت پەیڕەوێک دابرێژرێت کە بگونجێت لەگەڵ خواست و پێداویستیەکان و دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان.
هاوکات قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، کاتێک ئێمە باسی نوێبوونەوە دەکەین، نوێبوونەوە لە پەیڕەو و پڕۆگرامدا دەردەکەوێت، ئێمە دەمانەوێت هەیکەلیەتی یەکێتی نوێ بکەینەوە نەوەک تەنها دەموچاوەکان بگۆڕین، تاکو بتوانین بیگونجێنین لەگەڵ سەردەمی نوێدا.
شایەنی باسە ئەندامی لیژنهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتی ئاماژەی بەوەیشدا کە توانیویانە بەشێکی زۆری داواکاریەکانی هەموو لایەنەکانی ناو یەکێتی کۆبکەنەوە و رەنگ بداتەوە لەناو ئەم پەیڕەوەی کە هێشتا رەشنووسە و لە کۆنگرەدا دەبێت پەسەند بکرێت و وتی، ''بۆیە قابیلی دەستکاریکردنە، بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەبوو رەشنووسێک ئامادەبکەین و بینێرین بۆ کۆمیسیۆنی باڵا''.
لەلایەکی دیکەوە تاڵهبانی لەبارەی پێگەی کەرکووک لەنێو رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا، ئاماژەی بەوەدا کە کەرکووک هەمیشە پێگەیەکی گرنگی هەبووە وەک هەموو شوێنەکانی تری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بادینانەوە تا خانەقین، بەکەرکوویشەوە تا بەغدا، لەهەموو شوێنەکانی کوردستاندا خەمی کارمەند، ئەندام و لایەنگرانی خۆمان بێت، تاکو پارتێک بین کاریگەریمان بەهێز بێت لەسەر سیاسەتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سیاسەتی نێودەوڵەتیش.
ئەندامی لیژنهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتی، قوباد تاڵهبانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دۆخی ئێستای نێو یەکێتی لەبەرچاو گیراوە لە پرۆسەی نووسینەوەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا رایگەیاند کە ئێمە پەیڕەوێک نانووسین تەنها بۆ ئێستا، دەبێت پەیڕەو بتوانێت نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی پارتەکەمان بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بۆیە ئەوەی کە ئێمە ئێستا بیرمان لێکردۆتەوە و لێرە جێگیرکراون وەک هەیکەلیەت، پەیوەندی نێوان ئۆرگانەکان تەنها بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بۆ چوار ساڵی داهاتوودایە.
قوباد تاڵهبانی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە پێناچێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدات وتی، ''یەکەم جارێ گوێ نادەینە نەیار، ئەمە داواکاری دڵسۆزان و کادیرانی یەکێتییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرە، هەر ئەو فشارانەیە وای کردووە لە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە یەکێتی نوێ بکەینەوە و بەرەو کۆنگرە بچین، بەسەلامەتی لێی دەربازبین و پارتەکەمان نوێ بکەینەوە و بە فۆرمێکی نوێوە بگەڕێینەوە ناو خەڵک، من بۆخۆم کەسێکی گەشبینم لە هەموو شتێکدا، بۆیە پێشبینی دەکەم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئایا دەکرێت هەموو کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکرێت؟ من لەو بڕوایەدا نیم، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەیکەلێکی نوی بۆ یەکێتی دابڕێژرێت ئەوە بۆخۆی دەبێتە ئومێدێکی نوێ بۆ ئەندامەکانی خۆمان تاکو لە حزب و حکوومەتدا بەسەرکەوتووی کار بکەن''.
بنهمای پرۆژهكه لهلایهن ئهنجوومهنی ناوهندی یەکێتییهوه ئامادهكراوه و ئهمڕۆ یهكشهممه لهلایهن ئهندامانی لیژنهی پهیڕهوی ناوخۆی ئەو حزبە بهئامادهبوونی نوێنهری ١٧ ئۆرگانی یهكێتی پرۆژهكه واژووی لهسهر كرا و لهئێستادا پرۆژهی رەشنووسی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتی بۆ كۆنگرهی چوارەم ئامادهیه.