2019-02-20   3280     
فیلمی Vice کە لەئێستادا لەسینەماکانی ئەوروپا پێشاندەدرێت، چیرۆکی ژیانی دیک چینی، جێگری سەرۆکی پێشوتری ئەمریکایە.
چیرۆکی بڕیارەکانی جۆرج بوشی کوڕو دۆنالد رامسفێلد وەزیری بەرگری و کۆلن پاول وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە. هەمانکات چیرۆکی کەسایەتی بەهێزی هاوژینی دیک چینی، لینی چینییە کە هەمیشە پشتیوانی مێردەکەی بووە.
دیک چینی لەگەنجێکی سەرخۆشیو شەڕکەرو زیندانکراوەوە بۆکۆشکی سپی وەک فەرمانبەرێکی بەشی ئابووری ستابی سەرۆک نیکسن (١٩٦٩)، بۆ بزنسو کۆمپانیای زەبەلاحی هیلبرتون بۆ وزە کە لەئێستادا ٦٥ هەزار فەرمانبەری لە ئەمریکاو ئیمارات هەیە.
تووشبوون بە نەخۆشی دڵ ڕێگە لە چینی ناگرێت ببێتە ئەندامی گۆنگرێسی ئەمریکا (١٩٧٩). چینی لە کۆنگرێس ڕۆڵی بەرچاو لەیەکلاکردنەوەی گۆڕینو نەگۆڕینی یاساکان لەبەرژەوەندی کۆمارییەکان دەگێڕیت.
دوازدەساڵ دواتر (١٩٩١) چینی بە مەرج داوای سەرۆک جورج بوشی کوڕ بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا قبوڵ دەکات. کاتێکیش بۆشو چینی وەک سەرۆکو جێگر هەڵدەبژێردرێن، چینی لەڕێگەی چاندنی کەسە نزیکەکانی خۆی لە وەزارەتە کرنگەکان جۆرێک لەحكومەتی قووڵ پێکدێنێت. لەو ڕێگەیەو بەرژەوەندییە سیاسیو ئابوورییەکانی خۆیو بەشێک لە سیاسەتوانو بزنسمانانە کۆمارییەکان دەپارێزێت، بەشێوەیەک دەسەڵاتە شاراوەکانی چینی لە جۆرج بوشی سەرۆک زیاترن.
چینی کاریگەری تەواو لە یەکلاکردنەوەی بڕیاری داگیرکردنی ئەفغانستانو دواتریش عێراق دادەنێت. لەکۆشکی سپییەوە و لەیەککاتدا سیاسەتو بزنس دەکات.
فیلمی Vice (نائب ـ جێگر) چیرۆکی بڕیارە چارەنووسسازەکانە، ئەو بڕیارانەی دەبنە هۆی کوشتنی سەدان هەزار مرۆڤ و وێرانکردنی شاروشارۆچکەکان و داتەپینی ئابوری وڵاتانی تر. چیرۆکی چاوچنکۆی خۆدەوڵەمەندکردنو تۆڕی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە، چیرۆکی بەرژەوەندخوازانەی بەکارهێنانو دەستلێبەردانی کەسانی ترە. فیلمی ( vice) چیرۆکێکی تێپەڕیوە، گێڕانەوەی هیچ لەڕووداوە تێپەڕیوەکان ناگۆرێت!!
لهواڵی (شوان حهمه)وه وهرگیراوه