2019-02-20   3974     
یەکێک لەشتە جوانەکانی ڕابردو شەرەفی پیشەیی بو. هەر کەسێک لەکایەو پیشەکەی خۆیدا هەوڵی پێشکەشکردنی باشترینو چاکترینی داوە بەکڕیارو موشتەرییەکانی خۆی.
ئۆرزدی-باک لەیادوەری هاوچەرخەکانیدا نیشانەی بازاڕێکی ئەنیق و خاوەن کاڵای باش و نرخ گونجاو بو.
لەزۆربەی شارەکانی عێراقدا ئۆرزدی -باک هەبو. لەهەر شارێکیشدا چەند وەکیلیکی بۆ کاڵاکانی خۆی دانابو. سومعەی بازاڕی ئۆرزدی -باک ، لەئاست مارکە جیهانیەکاندابون.
ئۆرزدی - باک، ناوی دو خێزانی نەمساویو هەنگارین. ئەدلۆف ئۆرزدی و مۆریس باخ لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، جگە لەدروستکردنی کۆمپانیایەکی بازرگانی هاوبەش، لەڕووی خێزانیشەوە تێکەڵاو دەبن، ئۆدلۆف، خوشکەکەی مۆریس مارە دەکات.
Orosdi و Bach پێکەوە یەکەم سەنتەری بازرگانی خۆیان بەناوی ئۆرزدیو باخ لەپاریس دەکەنەوە. لەبەر ئەوەی وشەی Bach لەفەرەنسیدا بە Back دەنوسرێت، ناوی ئۆرزدی - باک لەسەنتەرەکەیان دەنێن، لەشارەکانی پاریس و ڤییەناو لەندەن سەنتەرە بازرگانیەکەیان سەرکەوتو دەبێت.
لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا چەند لقیك لەشارە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنەوە. لەوانە ئەستەنبول، قاهیرە، بەغداد، بەیروتو حەلەب.
لەعێراقدا سوعاد ئەلعومەری وەکو بەڕێوەبەری سەرەکی لە عێراقدا، لقەکانی ئۆرزدی -باک زیاتر دەکات. لەزۆربەی لیواکانی عێراقدا لقی ئۆرزدی باک دەکاتەوە. تا کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردو ئۆرزدی باک وەک کۆمپانیایەکی هاوبەش بەردەوام دەبێت. حکومەتەکەی سەدام حوسەین ئۆرزدی باکی هەڵوەشاندەوەو هەمو لقەکانی لەکەرتی تایبەتەوە کردە کەرتی گشتی.
ناوی سوق مەرکەزی لێنا، ئەو بازاڕانەی بەستەوە بەوەزارەتی بازرگانیەوە. کۆتایی بەبازاڕی مارکەی ئۆرزدی باک هێنا.
هاوکات کۆمەڵە بازارێکی هاوبەشی سوسیالیزمیان کردەوە بەناوی (جەمعیەی تەعاونی) لەگەڵ سوق مەرکەزیەکاندا شوێنی ئۆرزدی باکیان گرتەوە.
لهواڵی (هونەر تۆفیق)وه وهرگیراوه