وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵه‌تێكی‌ توشبو به‌ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌هه‌رێم تۆمار نه‌كراوه‌
  2020-02-25       1079       
سامان بەرزنجی
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی‌ كوردستان دوپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی‌ توشبو به‌ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌هه‌رێم تۆمار نه‌كراوه‌. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه‌ نزیكه‌ی‌ دو هه‌زار گه‌شتیار كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌ 11 شوێنی‌ جیاجیادا له‌هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و دهۆك له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدان.

ئاوێنه‌: سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ ڕۆژانه‌ زانیاری‌‌و ئامار له‌باره‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه‌ بۆ هاوڵاتیان بخه‌نه‌ڕو. وتیشی‌، "تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی‌ توشبو به‌ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌".

ناوبراو ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ 7 گه‌شتیار وه‌كو گومانلێكراوی‌ توشبو به‌ڤایرۆسه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا كراوه‌و پشكنینی‌ بۆ كراوه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ شه‌شه‌یان نه‌گه‌تیڤ بووه‌و توشی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بون، هێشتا پشكنینی‌ یه‌كێكیان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و له‌به‌غدایه‌.

ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئامێری‌ پشكنینی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ دڵنیایی زیاتر پشكنینی‌ گومانلێكراوه‌كان ڕه‌وانه‌ی‌ تاقیگه‌ی‌ مه‌ركه‌زی‌ ده‌كه‌ن له‌به‌غدا.

سامان بەرزنجی ڕاشیگه‌یاند، له‌رۆژی‌ هه‌ینییه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ دو هه‌زار گه‌شتیار له‌ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و له‌ 11 شوێنی‌ تایبه‌ت ماونه‌ته‌و پشكنینان بۆ ئه‌نجامدراوه‌و له‌ژێر چاودێری‌ پزیشكیدا ماونه‌ته‌وه‌.

وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ 7 شوێن‌و له‌هه‌ولێر دو شوێن‌و له‌دهۆك‌ دو شوێنی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و پێده‌چێت ژماره‌ی‌ ئه‌و شوێنانه‌ زیاتر بكرێت.

جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 14 رۆژدا توانای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی‌ تر، ئه‌گه‌رچی‌ نیشانه‌كانیشی‌ له‌كه‌سی توشبودا دیار نه‌بن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ماوه‌ی‌ 14 رۆژ له‌و شوێنانه‌ بمێننه‌وه‌ بۆ سه‌لامه‌تی‌ خۆیان‌و سه‌رجه‌م هاوڵاتیان.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×