وەڵامیکی کورت بۆ پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت لەبارەی دۆخی تایبەت بە کۆرۆناوە
  2020-03-22       4183       
مەسرور بارزانی

گۆران عەبدوڵا

 


سەرۆکی حکومەت ئەمرۆ ٣/٢٢ پەیامێکی لەسەر دۆخی کۆرۆنا بڵاوکردووەتەوە کە پێویستی بەوە هەیە لەسەری راوەستین و نابێ رێگە بدەین هەروا تێپەڕێ.
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت بەکەموکورتی و نوقسانەیەوە چەند راستیەک دەخاتە روو. هاوکات چەند قسەیەکیش دەکا کە بۆنی ناوچەگەرییان لێدێ. لەمانەش خراپتر بەداخەوە سەرۆکی حکومەت پێدەچێ بیەوێ ئۆباڵی خراپبوونی دۆخەکە بخاتە سەر هاوڵاتیان و خەڵک قەرزاربار بکاتەوە و لەولاشەوە حکومەتەکەی بێ خەتا پیشانبدا.
لەبارەی سیستمی تەندروستیەوە سەرۆکی حکومەت چەند راستیەک دەخاتە ڕوو. جەنابیان دەڵێ "توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت". ئەم قسەیە بەشێک لە ڕاستی تێدایە. بەڵام سەرۆکی حکومەت زۆر خاتری سیستمەکەی گرتووە. تواناکانی سیستمی تەندروستی نەک تەنها سنوردارە بەڵکو سیستمێکی ماندوو و دواکەوتوو و سەقەتیشە. پێوسیتی نەدەکرد جەنابی ئەو ڕاستیەمان پێبڵێ. بەڵام پێویستە جەنابی پێمان بڵێ کێ بەرپرسیاری ئەو بێتوانایی و لاوازی و سەقەتیەیە؟ ئایە ئەو وەکو سەرۆکی حکومەت بەرپرسیاری سەرەکی ئەو بێتواناییە نیە؟ ئایە وەزیری تەندروستی کە سەر بە حیزب و کوتلەکەی جەنابیانە بەرپرس نیە لەو لاوزای و کەمتەرخەمیانە؟ ئایە جەنابی ڕازیە لە ئەدای لاواز و بێسەروبەری وەزارەتی تەندروستی حکومەتەکەی؟
جەنابیان زۆر ڕاستدەکا کە دەفەرمێ "کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێ" نازانم جەنابیان ئاگادارە یا نا، بەڵام ئەوە ئێستا نیە کە خەڵک و ئێمەومانان هاوارمانە لەدەست خراپی سیستمی تەندروستی. ئایە ئەوە حیزبەکەی ئەو و هاوپەیمانەکانیان نەبوون کە لە دە ساڵی ڕابووردوودا گلەیی و رەخنە و پێشنیار و پرۆژەکانیان پشتگوێخرد؟ ئایە حیزبەکەی ئەو نەبوو کە پەرەی بە کەرتی تایبەت دا و کەرتی گشتی وێران کرد؟ ئایە حیزبەکەی خۆی نەبوو کە بواری بۆ بازرگانەکانی دەرمان دا چاوی خەڵک بە دەرمانی ئیکسپایەر و کوالیتی خراپ کوێرکەن. بەڵێ ئێستا کاتی گلەیی نیە بەڵام کاتی ئەوەیە بەو گلەییانەدا بچنەوە کە ٢٩ ساڵە خەڵک دەیانکا و گوێیان لێبگرن.
لە بەشێکی تری پەیامەکەی، سەرۆکی حکومەت دەڵێ
"بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە"
ئەم قسەیەی جەنابیان هیچ بەڵگەیەیکی زانستی و داتایەکی تۆکەمەی لە پشتەوە نیە. لە ڕاستیدا جگە لە نازانستی ئەو قسانە، بەشێکی زۆر لە ناوچەگەرێتی و جیاکارایی لە قسەکانیدا هەن. پێناچی هۆکاری ئەوەی وا دەردەکەوێ ژمارەی کەیسەکان لە سلێمانی زیاترە پەیوەندی بە فاکتەرێکی جوگرافی یا سیاسیەوە هەبێ. هۆکارەکە ئەوەیە کە لە پارێزگای سلێمانی کەیسی زیاتر دۆزراوەتەوە و بە شەفافیەت و ڕوونیەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە کراوە. ئەگەر ڕاوێژکارەکانی جەنابی وەزیر ئەم ڕاستیەیان بۆی ڕوونکردایەوە، جەنابیان نەدەکەوتە ئەو هەڵەیەوە و جیاکاری لە نێوان ناوچە و پارێزگاکانی کوردستانی خۆشەویست نەدەکرد. جەنابیان دەبێ باش لەو ڕاستیە تێبگا کە دۆخی هەولێر و دهۆک و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە و زوو بێ یا درەنگ هەموومان رووبەڕووی لێشاوی ئەم بەڵا تەندروستیە دەبینەوە.
جەنابی سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا هۆکاری ئەم دۆخە دەخاتە سەر هاوڵاتیان و حکومەت و دەسەڵاتەکەی لە بەرپرسیارێتی بێبەری دەکات. جەنابیان دەڵێ هۆکاری ئەو هەڵکشانە لە ژمارەی کەیسەکان "ئەوەیە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لە لایەن ژمارەیەک خەلکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خالە سنووریەکان بەردەوامە."
جەنابی سەرۆکی حکومەت باسی ئەو هەموو کەموکورتی و لاوازی و خاوخلیجی و سیستیە ناکا کە حکومەتەکی هەیبوو لە کاردانەوەی لە بەرامبەر ئەم پەتایە. بۆ باسی ئەوە ناکا کە تا چەند هەفتیەک پێش ئێستا حکومەت و وەزارەتی تەندروستیەکەی لە خەمی دابینکردنی پشکنینی نەخۆشیەکە نەبوو. بۆ باسی ئەوە ناکا کە حکومەتەکەی بەتەواوەتی لە بابەتی کەرەنتینەکردن و دابینکردنی شوێنی شیاو بۆ ئەو مەبەستە شکستی هێنا؟. بۆ باسی دواکەوتن لە هوشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیەکە ناکا؟ بۆچی قسە لەسەر نەبوونی دەمامک و دەستکێش و پەیداویستە گرنگەکانی تری رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە ناکا؟ بۆچی باسی ئەوە ناکا بەهۆی لاوازی حکومەتەکەی ئەوەوە کە پزیشکان و کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی بە گیرفانی بەتاڵ و بێ مووچەیەوە ئازایانە شەری ئەم بەڵایە ئەکەن؟ کە دەڵێ پێشێلکاری لە خاڵە سنوریەکان هەیە ئایە ئەوە لە لاوازی حکومەتەکەی ئەو نیە؟ ئایە ئەوە بەرێوەبەری ئاسایشی گومرەکی حکومەتەکەی ئەو نەبوو خۆی لە کەرەنتینەکردن دزیەوە؟ ئایە حکومەتێک ئەم هەموو کەموکورتی و لاوازییەی هەبێ، چۆن لە ڕووی دێ هاوڵاتی و خەڵک تۆمەتباربکا؟
دەبێ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی حکومەتەکەی و دەزگاکانی تری ئەم حکومەتە باش لەوە تێبگەن کە ئەوان بەرپرسیاری یەکەم و ئاخیری هەر رووداوێکی نەخوازراون. بڵاوکردنەوەی پەیامی لەم جۆرانە و تۆمەتبارکردنی خەڵک هیچ لەو ڕاستیەی سەرەوە ناگۆڕێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×