2020-05-07   690     
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، دەروازەی سنووری زورباتییەی کە لە هەشتی ئاداری رابردوودا داخیخستبوو، لەئێستادا بڕیاردراوە دەروازە سنوورییەکە دوو رۆژ لە هەفتەدا بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوێکدا عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد، دەروازەی سنووری زورباتییە کە دەکەوێتە پارێزگای واست-ەوە هەفتەی دوو رۆژ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران دەکرێتەوە و لەو دوو رۆژەدا رێگە بە تێپەڕبوونی ٢٥٠ بارهەڵگر دەدرێت.
هاوکات عومەر وائیلی ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لەم هەنگاوە، دابینکردنی خۆراک و پێداویستی کشتوکاڵییە لە بازاڕەکاندا و پاراستنی جێگیری نرخی کاڵاکانە، رێوشوێنە تەندروستییەکانیش لەو دەروازە سنوورییە رەچاودەکرێن.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە هەشتی ئاداری رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەروازە سنوورییەکانی شەلامجە لە پارێزگای بەسرە، شیت لە پارێزگای میسان، زورباتییە لە پارێزگای واست و مونزیرییە لە پارێزگای دیالە لەگەڵ ئێران داخستبوو.