ئەمریكا..دژ بە كوژرانی هاوڵاتییەكی رەشپێست ئاگر لە بینای پۆلیسی مینیاپۆلیس بەردرا
  2020-05-29       754       

شەوی رابردو دژ بە كوژرانی هاوڵاتییەكی رەشپێست لەسەر دەستی پۆلیس، خۆپیشاندەرانی شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریكا، ئاگریان لە بینای پۆلیسی شارەكە بەردا، ئەوەش دوای سێ رۆژ لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكان دژ بەو كردەوەیە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، جگە لە مینیاپۆلیس، هەریەكە لە شارەكانی كنتاكی و لۆس ئەنجلس و چەند شارێكی دیكە ناڕەزایەتییان دژ بە كوژرانی ئەو پیاوە رەشپێستە تێدا بەڕێوەچوەو بەسەدان خۆپیشاندەران هاتونەتە سەر شەقامەكان.

دوای كارە توندوتیژییەكان هێزەكانی گاردی نیشتمانی ئەمریكا رەوانەی شارەكە كراون.

لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوكراونەتەوە دەبینرێت خۆپیشاندەران چونەتە ناو بینای پۆلیسی ئەو شارەی ئەمریكاوەو ئاگریان تێبەرداوەو كارمەندانی پۆلیسیش بیناكە جێدەهێڵن.

ئەو پیاوە رەشپێستە بەناوی جۆرج فلۆید، تەمەن 46 ساڵ، رۆژی دوشەممە گیانی لەدەستدا. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە دیمەنی مەرگی تۆماركراوە، جۆرج فلۆیدا لەكاتێكدا بەسەختی هەناسە دەدات، بەو پۆلیسە سپیپێستە كە ئەژنۆی لەسەر ملی داناوەو گوشاری لێدەكات، دەڵێت: ناتوانم هەناسە بدەم...مەمكوژن.

ئەو پۆلیسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، كارمەندی فەرمانگەی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیسی ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریكایە.

ئاگرتێبەردانی بینای پۆلیسی شارەكە لە چوارچێوەی سێیەم شەوی خۆپیشاندانەكاندا بو.

بەرپرسانی دادگا دەڵێن: هێشتا ئامادەی راگەیاندنی سزای ئەو چوار پۆلیسە نین كە لەم كەیسەوە گلاون، بەڵام جەختیان كردۆتەوە كە ئەولەویەتی كاری ئەوان لێكۆڵینەوەیە سەبارەت بە مەرگی ئەو پیاوە رەشپێستە بەڕەچەڵك ئەفریقییە. ئەو چوار پۆلیسە لە ئێستادا لەكارەكانیان دورخراونەتەوە.

كوژرانی جۆرج فلۆید، بۆتە هۆی تەقینەوەی ئەو توڕەییە درێژماوەیەی كە دژبە كوشتنی هاوڵاتیانی ئەمریكی بەڕەچەڵ ئەفریقی لەسەر دەستی پۆلیسی ئەمریكا، هەیە.

حاكمی ویلایەتی مینیسۆتا فەرمانی ناردنی هێزەكانی گاردی نیشتمانی بۆ شارەكە دەركردوەو دۆخی نائاسایی لە شارەكە راگەیاندوەو لە بەیاننامەیەكدا داوای كردوە سزای ئەو پۆلیسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت رابگەیەنرێت.

بەپێی راپۆرتەكان، ساڵانە زیاتر لە یەك هەزار كەس بە دەستی پۆلیسی ئەمریكا دەكوژرێن و زۆرترین ئەوانەشی دەكوژرێن، رەشپێستن.

هەروەها ناڕەزایەتییەكانی دژ بە كوژرانی ئەو پیاوە رەشپێستە لە شاری لۆس ئەنجلوس، پشێوی لێكەوتۆتەوەو خۆپیشاندەران وێڕای هێرشكردنە سەر ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس، بۆ ماوەیەكیش رێگەیەكی خێرایی شارەكەیان داخست.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×