13ی حوزه‌یران، ڕۆژه‌ خوێناوییه‌كه‌ی شاری‌ سلێمانی
  2020-06-13       1149       

ڕاپۆرت: سه‌ڵاح سالار

13ی حوزه‌یران، ڕۆژه‌ خوێناوییه‌كه‌ی شاری‌ سلێمانی.. ڕوداوی ته‌قه‌كردن له‌ته‌رمی عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌رو ماته‌مگێڕان

رۆژی دوشه‌ممه‌ 13/6/1994 له‌شاری سلێمانی له‌شه‌قامی سالمه‌وه‌ لێشاوێك خه‌ڵك هاتنه‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌رده‌ركی سه‌را، پاشان به‌شه‌قامی پیره‌مێرددا به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ڕۆشتن، ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ سه‌دان كه‌س ده‌بون، دروشمی كوردایه‌تی‌و بارزانی‌و پارتییان ده‌وته‌وه‌، ته‌رمی فه‌رمانده‌یه‌ك به‌سه‌ر شانی خه‌ڵكه‌كه‌وه ‌بو، كاروانه‌كه‌ ڕۆشت تا فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌رو پاشان به‌ئاڕاسته‌ی بینایه‌ك ڕۆشتن كه‌ له‌سه‌رده‌می حزبی به‌عس پێی ده‌وترا (شه‌هید عوسمان)و پاش ڕاپه‌ڕین لقی چوارو دواتریش ناوچه‌ی یه‌كی سلێمانی پارتی‌و پاش ڕاماڵینی پارتیش له‌سلێمانی، ئاسایشی‌ سلێمانی‌ تێدابو.

له‌و شه‌قامه‌دا گوله‌بارنكردنی خۆپیشانده‌ران‌و مامته‌مگێڕانی ته‌رمی عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر ده‌ستیپێكردو ژماریه‌ك كوژراو بریندارو ده‌ستگیركراوی لێكه‌وته‌وه‌.

عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر، ناسراو به‌ (خاڵه‌ عه‌فان) كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری شاری سلێمانی و فه‌رمانده‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بو. ناوبراو كارگێڕی لقی چواری پارتی بو، پاش پێكهێنانی سوپای یه‌كگرتوی كوردستان، كه‌ پاش هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان‌و پێكهێنانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر فوئاد مه‌عسوم، هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی له‌و سوپا نوێیه‌دا یه‌كخرا، به‌پێی سیستمی فیفتی به‌ فیفتی، له‌هه‌رشوێنك به‌رپرس‌و فه‌رمانده‌ له‌پارتی بوایه‌ جێگره‌كه‌ی له‌یه‌كێتی‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر كرایه‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی قیاده‌ی مه‌نتیقه‌ی سلێمانی له‌سوپای یه‌كگرتوی كوردستان، پاش هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایاری 1994 له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی ـ هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دوو خولی دیكه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ڕوی دابو، ئه‌ویش له‌نێوان پارتی‌و حسك، هه‌روه‌ها له‌نێوان یه‌كێتی‌و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ـ دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی په‌ره‌ی سه‌ند، پارتی، یه‌كێتیی له‌بادینان پێچایه‌وه‌، یه‌كێتییش له‌سلێمانی پارتی ڕاماڵی.

رۆژی 3ی ئایاری 1994 تا نیوه‌ڕۆ باره‌گای پارتی له‌سلێمانیدا نه‌ماو هه‌موی گیرا، گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كانی پارتی له‌بینای لقی چواره‌وه‌ ڕۆشتبونه‌ باره‌گای ناوچه‌ی یه‌كی سلێمانی، كه‌ ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانییه‌ له‌نزیكه‌ فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر، له‌و باره‌گایه‌دا پارتی كه‌مێك به‌رگریی كردو به‌ئاسانی خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌، عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر یه‌كێك بو له‌و به‌رپرس‌و فه‌رماندانه‌ی پارتی له‌وێ به‌رگریی ئازایانه‌ی كردو سه‌رئه‌نجام خۆی‌ نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌، یه‌كێتییش بۆیان ده‌ستگیرنه‌كراو ده‌رچو، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ به‌گشتی ده‌ستگیركران، كه‌ كه‌سی سه‌ربازی‌و سه‌ركرده‌ی زۆر ناوداری وه‌كو قادر قادر، ده‌روێش ئاغاو ئه‌ندامانی لقی چوارو كادیری دیكه‌یان تێدابو، دواتر یه‌كێتی هه‌موو ئه‌و دیلانه‌ی نه‌كوشت و ڕاده‌ستی پارتی كردنه‌وه‌.

هێزه‌ تێكشكاوه‌كانی پارتی له‌سنوری هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان‌و چه‌می شلێر له‌ده‌ڤه‌ری پێنجوێن خۆیان كۆكرده‌وه‌، ئیتر قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ درێژه‌ی كێشا، كه‌ ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕه‌ویی نه‌بێت تا ئێستاش كۆتایی نه‌هاتووه‌، ته‌نیا شێوازه‌كه‌ی گۆڕاوه‌.

له‌مانگی حوزه‌یرانی 1994 شه‌ڕێكی گه‌وره‌ له‌ده‌ڤه‌ری پێنجوێن له‌نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا، سه‌ره‌تا شه‌ڕه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی پارتی شكایه‌وه‌، به‌ڵام له‌و شه‌ڕه‌دا پارتی باشترینی فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی له‌و سنوره‌ له‌ده‌ستدا، ڕۆژی 8/6/1994 عوسمان قادر منه‌وه‌ر (خاڵه‌ عه‌فان) خۆی‌و چوار پیشمه‌رگه‌ی هاوه‌ڵی به‌ناوه‌كانی (عه‌لی مام عه‌بدوڵڵا سه‌رگه‌ڵویی، سه‌رهه‌نگ فه‌تحوڵا، هیوا غه‌فور سه‌عید، فه‌ره‌یدون به‌هادین محه‌مه‌د) كوژران. به‌وته‌ی میدیاكانی ئه‌وكاتی پارتی، خاڵه‌ عه‌فان به‌برینداری كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی یه‌كێتی و ئه‌وانیش گوله‌ بارانیان كردووه‌.

له‌شه‌ڕی ناوخۆ، زۆر سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌و كادیرو پێشمه‌رگه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌ندام‌و لایه‌نگری یه‌كتریان كوشتووه‌، زۆرجار ئه‌و كه‌سه‌ ناودارانه‌ش به‌دیلی ده‌ستگیر ده‌كران، پاشان ده‌كوژران، هێزه‌كانی یه‌كێتی پێشتریش قائیمقامی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌كره‌م حه‌مه‌عه‌لی ناسراو به‌ (ئه‌كره‌می عه‌لی چه‌پ)یان به‌دیلی گرت‌و پاشان گوله‌بارانیان كرد، له‌كاتێكدا ناوبراو كه‌مئه‌ندامیش بو.

ڕۆژی 12ی حوزه‌یران ته‌رمی خاڵه‌ عه‌فان هێنرایه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی، شه‌وی 13ی حوزه‌یران ته‌له‌فزیۆنی حیزبی شیوعی كوردستان، ئاگاداری بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ (سبه‌ینێ ته‌رمی شه‌هیدی فه‌رمانده‌و تێكۆشه‌ر عوسمانی قادر منه‌وه‌ر له‌مه‌راسیمێكدا به‌ڕێ ده‌كرێت بۆ گۆڕستان). ئه‌و ئاگادارییه‌ له‌بروسكه‌یه‌كی نهێنی پارتییه‌كان ده‌چو، هه‌ربۆیه‌ ڕۆژی 13ی حوزه‌یران به‌هه‌زاران ئه‌ندام‌و هه‌واداری پارتی گه‌شتنه‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی ناوبراو، ئه‌و كاته‌ی پارتی له‌ناو شاری سلێمانییدا شكۆی له‌ده‌ستدابو، هه‌مو باره‌گاكانی ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرابو، هه‌روه‌ها پارتیبونیش تاوانی جه‌نگ بو، هه‌روه‌ك چۆن له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتییش هه‌مان شت به‌رانبه‌ر به‌یه‌كێتی كرابو. 

لایه‌نگرانی پارتی به‌هه‌زاران كه‌س ده‌بون كه‌ وه‌دوی ته‌رمه‌كه‌ی عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر كه‌وتبون، ئاپۆڕای خه‌ڵك لای پاڵاسه‌وه‌و سه‌ره‌تاكه‌ی له‌به‌رده‌ركی سه‌را بو، پاشان له‌به‌رده‌ركی سه‌را به‌ره‌و به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌ كه‌ ئێستا پاركی دایكه‌ به‌ره‌وژور كه‌وتن، ئینجا بۆ فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ی ته‌رمی خاڵه‌ عه‌فان وه‌ك نه‌ریتی كورده‌واری بۆ دوادیداری خانه‌واده‌كه‌ی به‌رنه‌ به‌رده‌ركی ماڵه‌وه‌، كه‌ ماڵیان به‌رانبه‌ر به‌باره‌گاكه‌ی پارتی بو، ئیتر له‌وێدا هێزه‌كانی یه‌كێتی ترس دایگرتن، وه‌ك پێشتریش ئاماده‌سازییان بۆ كرابێت هه‌مو چاوه‌ڕێی فه‌رمانێك بن، به‌وشێوه‌یه‌ ته‌قه‌و ده‌ستڕێژی گوله‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی ده‌ستیپێكرد. فیشكه‌كه‌كان به‌ئاسماندا نه‌بون، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ بۆ ناو جه‌ماوه‌ر مه‌ده‌نییه‌كه‌ بو، كوژراوو بریندارێكی زۆر هه‌بون، خه‌ڵكێكی زۆریش ده‌ستگیر كران.

میدیاكانی پارتی دواتر ژماره‌ی قوربانییه‌كانی به‌ (140) كه‌س ئه‌ژمار كرد. هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی وته‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌و‌  میدیاكانی پارتییش، دوو فیشه‌ك به‌ر ته‌رمی خاڵه‌ عه‌فان كه‌وتبو.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نه‌بو له‌مێژوی شاری سلێمانیدا كه‌ جه‌ماوه‌ر ته‌رمی كه‌سایه‌تییه‌كیان پێبێت‌و ته‌قه‌یان لێ بكرێت و قوربانی لێ بكه‌وێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت فیشه‌ك نان به‌ته‌رمه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌ر تازه‌ نه‌بوو. 

ساڵی 1956 پاش ئه‌وه‌ی مه‌لیكی كوردستان شێخ مه‌حمودی حه‌فید كۆچی دوایی كرد، له‌و كاته‌دا شێخ له‌تیفی كوڕی شێخ مه‌حمود له‌به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌ندبو، جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی ته‌رمه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودیان برده‌ به‌رده‌م ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ی كه‌ ئێستا كراوه‌ته‌ پاركی دایك‌و داوایانكرد ده‌بێت شێخ له‌تیف ئازاد بكرێت‌و چاوی به‌ته‌رمی باوكی بكه‌ویت، به‌ڵام پۆلیس‌و هێزه‌كانی حكومه‌تی ئه‌وكاتی پاشایی ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران كرد، چه‌ند كه‌سێكیان كوشت، له‌وانه‌ی ئه‌خته‌ری هاوسه‌ری ڕه‌شۆلی هونه‌رمه‌ند.

ئه‌و ڕوداوه‌ی 13ی حوزه‌یرانیش چه‌ند مه‌ترێك له‌سه‌روی شوێنی هه‌مان ڕوداوی یه‌كه‌م بو، دو فیشه‌ك به‌ر ته‌رمی شێخ مه‌حمود كه‌وت. كه‌چی ئه‌مجاره‌یان هێزێكی كوردی هه‌مان كاره‌ساتی له‌هه‌مان شوێن به‌رانبه‌ر به‌جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی ئه‌نجامدا.

پارتی سه‌ركۆنه‌ی یه‌كێتی ده‌كرد كه‌ ده‌ستڕێژی گوله‌ی ئاڕاسته‌ی سنگی جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی كردووه‌و ڕوداوه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی 1956ی دوباره‌ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ 17ی شوباتی 2011دا پارتی بۆخۆی هه‌مان كاره‌ساتی به‌سه‌ر شاری سلێمانیدا هێنا! بۆیه‌ ئێستا سلێمانی كه‌ یادی سێ ڕه‌شه‌كوژی ده‌كاته‌وه‌، دوانیان له‌سه‌ر ده‌ستی كورد خۆی ئه‌نجامدراوه‌!
یه‌كێتی ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان چه‌كیان پێ بووه‌و ته‌قه‌یان له‌هێزه‌كانیان كردووه‌و بۆیه‌ ئه‌وانیش وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌. پارتییش له‌17ی شوبات هه‌مان سیناریۆی دوپاتده‌كرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ته‌قه‌یان لێكراوه‌.

یه‌كێتی ده‌یوت "پارتی ویستی ئه‌و هه‌له‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ی لقی چوار، بۆیه‌ ته‌قه‌مان لێ كردون". ته‌نانه‌ت پارێزگاری ئه‌وكاتی شاری سلێمانی (سالار عه‌زیز) له‌جیاتی سه‌ركۆنه‌ی كوشتنی هاوڵاتی سڤیل بكات، وتی، "ئه‌گه‌ر پارتی لقی چوار بگرێته‌وه‌ من سمێڵم ده‌تاشم". پارتییش ئه‌و وته‌یه‌ی سالار عه‌زیز گۆڕی بۆ شیعرێك "ئه‌گه‌ر لقی چوار بێته‌وه‌ بۆ سلێمانی، لایه‌ك له‌سمێڵم ده‌نێمه‌ بانی".

جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی پارتی لافیته‌ی زه‌دریان هه‌ڵگرتبو كه‌ دروشمی پارتی‌و بارزانییان تێدابو، هه‌روه‌ها شاهیدحاڵێكی ئه‌و كاته‌ ده‌ڵێت، "له‌شه‌قامی مه‌وله‌وی ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌م بینی كه‌ دروشمی حزبییان ده‌وته‌وه‌، بۆ نمونه‌: پێشره‌وی كورد پارتییه‌، سه‌رۆكمان بارزانی. چیتان ده‌وێت هه‌ژاران، مه‌حكه‌مه‌ی تاوانباران. ئێمه‌ی كوردی سۆرانی، ده‌نگ ده‌ده‌ین به‌بارزانی".

ئه‌و ئاپۆڕایه‌ سۆزی لایه‌نگرانی پارتی جوڵاند، زۆر له‌دوكانداران كه‌ لایه‌نگری پارتی بون ده‌چونه‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و شاهیحاڵه‌ ده‌ڵێت، "من به‌چاوی خۆم له‌به‌رده‌ركی سه‌را دوكاندارێكم بینی دوكانه‌كه‌ی به‌په‌له‌ داخست‌و ڕۆشته‌ ناو ئه‌وانه‌، ئێواره‌ كه‌ هاتمه‌وه‌ بۆ سه‌را لافیته‌یه‌كی ڕه‌شم بینی به‌دوكانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵواسرابو".

رۆژنامه‌ی (برایه‌تی) له‌ژماره‌ (1998)ی ڕۆژی 22ی حوزه‌یران ناوی 20 كه‌س له‌كوژراوانی 13ی حوزه‌یرانی بڵاوكرده‌وه‌. ناوه‌كان بریتیبون له‌: محه‌مه‌د كه‌ریم سۆفی ناسراو به‌عه‌ریف كه‌ریم. (ئه‌م پیاوه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دیارو باوكی هۆشیار جافی ڕۆژنامه‌نوسی پارتی بو). جه‌مال عه‌زیز حیكمه‌ت، نوری عه‌لی حسێن، حاجی نوری عه‌لی، سه‌ردار مه‌حمود مه‌عروف ناسراو به‌(سه‌رداری خوله‌ ئامه‌)، ئاراس قادر ئه‌حمه‌د نه‌سیم، عومه‌ر له‌تیف، ئیبراهیم حه‌سه‌ن حه‌مید، نه‌جمه‌دین عه‌بدول محه‌مه‌د، هیوا سابیر سه‌عید، كه‌مال نوری بابه‌ شێخ، حه‌مه‌ فایه‌ق عه‌لی حه‌مه‌، به‌هرۆز ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا، نه‌ریمان مسته‌فا ده‌روێش، هاوار ڕه‌سوڵ، قاره‌مان مه‌حمود ساڵح، حه‌مه‌ئه‌مین حه‌سه‌ن ڕه‌شید، زاهیر ئه‌حمه‌د ساڵح، به‌كر عه‌بدوڵا سوڵتان، هه‌وار ڕه‌فیق عه‌زیز.

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌كه‌ نوسبوی‌، "داوای به‌خشین ده‌كه‌ین له‌هه‌مو خێزانی شه‌هیدانی 13ی حوزه‌یرانی خوێناوی كه‌ له‌به‌ر وه‌زعی ئاسایشی سلێمانی، ناتوانین ژیاننامه‌و ناوی سه‌رجه‌م شه‌هیدو برینداره‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌، دیاره‌ ده‌ستێكی سته‌م وایكردووه‌ خه‌ڵك له‌ماڵه‌وه‌ برینداری خۆی تیمار بكات‌و شه‌هیدیان به‌نهێنی بنێژن".

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی بریندار ده‌بێت، عه‌ریف كه‌ریمی ته‌مه‌ن 66 ساڵ بو، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی نوسیبوی‌، "به‌برینداری خۆی ده‌كوتێته‌ ماڵێك، به‌ڵام پاش پێزانینی ده‌ریده‌هێنن‌و پێی ده‌ڵێن تۆ پارتیت، ئه‌ویش ده‌ڵێت: نه‌ك هه‌ر پارتییم، به‌ڵكو كوڕی بارزانیم، ئیتر چه‌ند فیشه‌كێك ده‌نێن به‌سه‌ریه‌وه‌...".

ڕۆژنامه‌ی گوڵان له‌ڕۆژی 16ی حوزه‌یران نوسیویه‌تی، "یه‌كێتی ڕایگه‌یاندووه‌ به‌پێی سه‌رژمێری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی 14 شه‌هیدو 48 بریندار هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێبدات شه‌هیدی كام لایه‌نن، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتی ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی 40 كه‌س‌و برینداره‌كانیش 100 كه‌سن".

سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران، یه‌كێتی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌و پارتیش زیادكردنی ده‌دا، یه‌كێتی له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی ڕۆژی 21/6/1994 وتبوی‌، "ژماره‌ی به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌كه‌ له‌هیچ حاڵێكدا له‌پێنج هه‌زار كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه‌". به‌ڵام به‌گوێری ڕۆژنامه‌ی گوڵان پارتی به‌سه‌د هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندوێتی، هه‌روه‌ها شاهیدحاڵه‌كانیش كه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی سه‌ر به‌پارتی قسه‌یان كردبو ژماره‌كه‌یان له‌نێوان 20 تا 100 هه‌زار ئه‌ژمار ده‌كرد. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر 20 هه‌زار كه‌سێك یان زیاتر ده‌بون.

یه‌كێتی دوای‌ روداوه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ ده‌ستی گێره‌شێوێن و په‌لكێشی بێگانه‌ ئاژاوه‌یه‌كیان له‌سلێمانیدا سازكرد، به‌ڵام دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان، لێپرسراوان و تێكۆشه‌رانی (ی. ن. ك) زو توانییان وه‌زعه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن".

شاهیدحاڵێك له‌ڕۆژنامه‌ی (گوڵان)دا وتبوی‌، "ئه‌وان ده‌ڵێن نارنجۆك ته‌قیوه‌ته‌وه‌و هاویشتراوه‌، ئه‌ی بۆ یه‌كێك له‌وان نه‌كوژراوه‌؟!".

ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌غڵه‌ت كرد، ڕۆژنامه‌نوسێكی بیانی بو، ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردبو كه‌ "له‌و كاته‌ی ته‌قه‌كان ده‌ستیپێكرد پیره‌پیاوێك له‌خه‌و ڕاپه‌ڕی‌و یه‌كسه‌ر وتی، یه‌كێتی دیسان له‌گه‌ڵ كێ شه‌ڕیه‌تی، واته‌ ئه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ لایه‌نی یه‌كه‌م هه‌ر یه‌كێتییه‌".

عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر، ناسراو به‌ (خاڵه‌ عه‌فان)

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×