تەندروستی ئێران: لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٠٧ کەس گیانی لەدەستداوە
  2020-06-14       412       


وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران،  ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، “١٠٧ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە”.

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٠٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئەوەیشی خستەڕوو کە دوو هەزار و ٤٧٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراون و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە، ١٨٧ هەزار و ٤٢٧ کەس کە باری تەندروستیی دوو هەزار و ٧٨١یان ناجێگیرە.

هاوکات ١٤٨ هەزار و ٦٧٤ تووشبووی ڤایرۆسەکە دوای وەرگرتنی چارەسەر چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە و ناوبراو ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە یەک ملیۆن و ٢٤٤ هەزار و ٧٤ پشکنینی تایبەتی ڤایرۆسەکە ئەنجامدراوە.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران پارێزگاکانی خوزستان، ئازەربەیجانی رۆژئاوا، هورموزگان، کوردستان، کرماشان، سێستان و بەلۆچستان و بوشەهری بە ناوچەی سوور ناو برد کە بەشێوەیەکی بەرفراوان ڤایرۆسەکەیان تیادا بڵاوبووەتەوە.

یەکەمین حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ئێران لە ١٩ شوباتی رابردوو لە پارێزگای قوم تۆمارکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×