دانانی ڕۆژێک بۆ زمانی کوردی
  2020-06-21       197       

سوداد ڕەسوڵ

 

لەم چەند ساڵەی دوای لێرە و لەوێ دەبیستین کە ڕۆژێک دانراوە بۆ زمانی کوردی، بە بۆنەی ئەو ڕۆژەش لەسەر لاپەڕەکانی فەیس بووک پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی دەکرێت. ئەم ڕۆژەش ڕێککەوتی ١٥ ی نیسانە کە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (هاوار) ە لە ساڵی ١٩٣٢ لە لایەن جەلادەت بەدرخان لە شام. دانانی ئەم ڕۆژەش وەک ڕۆژی زمانی کوردی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) ەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

 

زۆرم پێ سەیر بوو کە زانیم ڕێکخراوێکی سیاسی وەک کەنەکە ڕۆژێکی بۆ زمانی کوردی داناوە بەبێ ئەوەی پرس بەو هەمو وڕێکخراو و ئەکادیمییە زمانییە بکات کە لە باشوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان هەیە، بە تایبەت لە باشووری کوردستان کە هەر لە سەرەتای سەدەی بستەمەوە مەڵبەندێکی گرنگی گەشەسەندنی زمانی کوردی بووە، لەم ڕووەوە لە هەموو بەشەکانی دی لە پێشترە.


دانانی ڕۆژێک بۆ زمانی کوردی لە لایەن ڕێکخراوێکی سیاسییەوە دانانرێت کە ئاگادارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە زمانی کوردییەوە نییە، نابێت دانانی ئەو ڕۆژەش بۆ ڕووداوێک بێت کە زۆر گرنگ نەبووە و ڕووداوی گرنگتر هەبووە ڕەچاوی نەکەی، نابێت بۆ ئامانجێکی سیاسی بێت خزمەت بە ئەجێندایەکی سیاسی تایبەت بکات، چونکە زمان لە دەرەوەی سیاسەت بۆ هەموومانە و هەموومان بە هۆی زمانەوە بە یەکەوە گرێ دەدرێین و زمان ناسنامەیەکی گرنگی نەتەوەیی بە هەموو تاکەکانی نەتەوە دەبەخشێت، هەر بۆیە پێویستە دانانی ئەو ڕۆژە ڕێککەوتنی هەموو بەشەکانی کوردستانی لەسەر بێت، و لە لایەن لیژنەیەکی ئەکادیمی زمان بڕیاری لەسەر بدرێت  و گرنگترین ڕووداوی زمانی کوردی بۆ ئەو ڕۆژە دابنرێت.


وەک دیارە ئەوان ڕۆژی دەرچوونی گۆڤاری هاوار بە ئەلفوبێی لاتینی بە ڕووداوێکی زۆر گەورە بۆ زمانی کوردی دادەنێن، بەڵام ئەگەر بە چاوێکی بێلایەنەوە سەیری دەرچوونی ئەم گۆڤارە بکەین ئەو ڕووداوە گرنگە نەبووە لە پێشخستنی زمانی کوردی کە بکرێت بە ڕۆژی زمانی کوردی، ڕووداوی زۆر گرنگتر لە باشوور بۆ پێشخستنی زمانی کوردی هەبووە کە ئەوان بایەخیان پێ نەداوە.


لە بیستەکانی سەدەی بیستەم لە پێش دەرچوونی گۆڤاری هاوار لە سلێمانی کە یەکەم چاپخانە بۆ شارەکە دێت، ئەم شارە دەبێت بە مەڵبەندێکی گرنگی بووژانەوەی زمانی کوردی، کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە لەم شارە دەرەدچێت کە ڕۆلێکی زۆر گەورەیان هەبووە لە گەشەپێدان و چەسپاندنی زمانی کوردی لە باشوور. یەکەم ڕۆژنامە لە ساڵی ١٩٢٠ لە سلێمانی بە ناوی (پێشکەوتن) بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت، ١١٨ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە، دواتر لە سەردەمی حوکمڕانی شێخ مەحموود بەرودوا چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە دەرچوون کە سەرەڕای پێشخستنی زمانەکە، مێژووی ئەوە سەردەمەمان بۆ دەگێڕنەوە وەک بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، بانگی هەق، ئومێدی ئیستقلال،.. دوای نەمانی حوکمڕانی شێخ مەحموود ئەمجارە ڕۆژنامەی ژیانەوە و ژیان دەرچووە. ڕۆژنامەی ژیانەوە لە لایەن شارەوانی سلێمانییەوە دەردەچێت، دواتر ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ ژیان، و بۆ ماوەی نزیک بە ١٣ ساڵ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە ٥٠٠  ژمارەی لێ دەرچووە.  یەکەمین جار بوو ڕۆژنامەگەریی کوردی بۆ ئەو ماوە درێژە بێ بڕانەوە بەردەوام بێت.


ئەگەر بەرەو ساڵانی سییەکان و چلەکانیش بڕۆین،  گۆڤاری گەلاوێژ لە بەغدا دەردەچێت، ئەم گۆڤارە لە ١٩٣٩ تا ١٩٤٩ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەرەدوام بووە، لەو ماوەیەدا ١١٦ ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە، ئەگەر سەیری لاپەرەکانی ئەم گۆڤارە بکەین دەبینین خزمەتێکی یەکجار گەورەی بە زمانەکە کردووە بەتایبەت لە گەشەپێدانی زمانەکە بۆ زاراوەسازی و فراوانکردنی ئەرکی زمانەکە بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی هەمەچەشنی زانستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دینی و هزری، ئەستێرەناسی، پزیشکی، کشتوکاڵ،.. تاد.


گۆڤاری هاوار ڕاستە ئەویش بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە بۆ ماوەی ١١ ساڵ، بەڵام لەم ماوەیە دوو جار پچڕاوە و جارێکی دی دەستی پێ کردووەتەوە، واتە لەسەر یەک تەمەنی گۆڤارەکە تەنیا پێنج ساڵ بووە و  ٥٧ ژمارەی لێ دەرچووە، کە ٢٣ ژمارەی بەرایی بە هەردوو  ئەلفوبێی عەرەبی و لاتینی دەرچووە لە ژمارەی ٢٤ ەوە بووە بە یەکجاری بووە بە لاتینی.

بێگومان خزمەتی بە زمانی کوردی کردووە، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە لە باکوور زمانی کوردی قەدەغە کرابوو، بەڵام جەلادەت بەدرخان لە شام دڵسۆزانە هەوڵ دەدات چرای زمانی کوردی نەکوژێتەوە لەم بەشەی کوردستان تەکانێک بە پێشخستنی زمانەکە بدات. بەتایبەت ئەو سەردەمە لە سییەکان کە دوای پەیمانی لۆزان و دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بە سەر تورکیا و عێراق و سوریا بوو، بێئومێدییەکی گەورە هەموو ڕۆشنبیرانی کوردی گرتبووەوە. بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە ڕۆلی ئەم گۆڤارە بۆ کاتی خۆی زۆر سنووردار بووە. بڵاوبوونەوەی (هاوار) بە ئەلفوبێی لاتینی و لە شام بوو نەدەگەیشتە بەشەکانی دیکەی کوردستان و تەنیا بۆ ڕۆژئاوا بوو کە بچووکترین بەشی کوردستانە.


جەلادەت بەدرخان ئەگەر لە ڕێی گۆڤاری هاوارەوە خزمەتی بە زمانەکە کردبێت، بەڵام زیانی گەورەی بە زمانی کوردی گەیاند کە یەکلایەنە و بەبێ ئەوەی پرس بە ڕۆشنبیرانی بەشەکانی دیکەی کورستان بکات ئەلفوبێی زمانەکەی گۆڕی بۆ لاتینی، کە ئەم ئەلفوبێیە کاریگەرییەکەی ئەوەندە خراپ بوو بۆ زمان و نەتەوە، لە کاریگەریی دابەشبوونی سیاسی  و جوگرافیی کوردستان کوشندەتر بوو. ئێستا بە جوانی هەستی پێ دەکرێت کە زمان و نەتەوە بووە بە دوو ڕۆشنبیری و دوو فەرهەنگ و دوو زمان، فەرهەنگێک بە ئەلفوبێی لاتینی کە تەنیا ئاگاداری ئەو زمانەیە کە لە ناو ئەم ئەلفوبییە گەشەی کردووە، هیچ ئاگاییەکی بەو هەموو گەنجینە دەوڵەمەندەی زمانی کوردی نییە کە بە ئەلەفوبێی کوردی (لەسەر پیتە عەرەبییەکان) نووسراوە، پێیان وایە زمانی کوردی لەو ڕۆژەوە دەستی پێ کردووە کە گۆڤاری هاوار دەرچووە لەوێوە بنچینەی نوویسنی کوردی دانراوە.


ئەم لاتینییە دابڕانێکی ئەوەندە قووڵی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست کردووە بە ڕادەیەک کە لە باکووری کورستان دە کەس نابینییەوە بتوانێت ڕۆژنامەی کوردستانی یەکەمی ١٨٩٨ بخوێنێتەوە. بیست کەس نابینییەوە بتوانێت دیوانی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فەقێ تەیران بە جوانی بخوێننەوە بە باشی لێی تێ بگەن، سی کەس نابینییەوە بتوانێت بە ئەلفوبێی هەموار کراوی عەرەبی لە سەدا نەوەدی نووسراو و چاپکراوی کوردی بخوێننەوە کە لە باشوور لە ماوەی سەدەی ڕابردوو دەرچوون.  بەڵی ئێستا هەستی پێ دەکرێت کە گۆڕینی ئەم ئەلفوبێیە لە دابەشبوونی جوگرافی کوردستان کاریگەرییەکەی قووڵتر بووە، ئەگەر سیاسەت تەنیا سنوورێکی لە نێوان بەشەکانی کوردستان دانا، بەڵام ئەلفوبێی لاتینی سنووری لە نێوان زمان و فەرهەنگ و شارستانیەتی کورد دانا. ئەمەیە دەستکەوتی گۆڤاری هاوار و جەلادەت بەدرخان بۆ زمانی کوردی، ئایا شایەنی ئەوەیە ئەم ڕۆژە بکرێت بە ڕۆژی زمانی کوردی؟


کاتی هاتووە بە کارەکانی جەلادەت و کامەران بەدرخاندا بچینەوە بە چاوێکی بێلایەن و ڕەخنەگرانە و زانستییانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەوەی ئەوان کردوویانە خزمەتەکەی لە چیدا بووە و چەند بووە و بە چ ئامانجێک بووە؟


وا دیارە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەر لە ناو ئەلفوبێی لاتینییەوە تەماشای پانتایی زمانی کوردی دەکەن و پێیان وایە گەشەکردنی زمانی کوردی لەگەڵ هاتنی ئەلفوبێی لاتینییە، هەر بۆیە ئەم ڕۆژەیان بە شایستەی ڕۆژی زمانی کوردی زانیوە. ئەوەی بە ئەلفوبێی کۆن و گەشەکردووی کوردی نووسراوە بە هی کوردی نازانن و بایەخی پێ نادەن.


سوپاس مامۆستا هیوا بۆ کۆمێنتەکەت. ئەگەر جارێکی دی بە وردی پۆستەکەم بخوێنییەوە دەزانی کە من هەرگیز مەبەستێکی وام نییە کە دوو سێ ملیۆن کوردی باشوور دەبێ بڕیار لەسەر زمانی کوردی بدەن، بەڵکو بە ڕوونی ئاماژەم بەوە داوە کە بۆ دانانی ڕۆژێکی وا دەبێ لە لایەن لیژنەیەکی ئەکادیمی زمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بە رێککەوتنی هەموو بەشەکانی کوردستان بێت.


من زۆر دژی ئەوەم کە ڕێکخراوێکی سیاسی هەر ڕێکخراوێک بێت سەر بە حزبێک بێت ڕۆژێکی وا دەستنیسان بکات کە دیارە بەرژەوەندی دی خۆی تێدا ڕەچاو دەکات. ڕۆژێکی وا دەبێ ڕێککەوتنی هەموو زمانەوان و شارەزایانی زمانی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستانی لەسەر بێت.


ئاماژەم بەوەش داوە ئەگەر دانانی ئەو ڕۆژە بە گوێرەی گرنگترین ڕووداوی زمانەکە بێت ئەوا ڕووداوی زۆر گرنگتر لە باشوور هەیە بۆ زمانەکە بەڵام ئەوان هیچ حیسابێکیان بۆ نەکردووە کە ئەمە ڕاست نییە، ئەم هەموو خزمەتەی زمانی کوردی لە باشووری ڕەچاو نەکرێت و گۆڤارێک کە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانەکە هێناوە و زمان و نەتەوەی کردووە بە دوو لەتەوە بکرێ بە ڕۆژی زمانی کوردی.


ئەگەر لەسەر ئەوە بێت کێ پێشتر ئەو ڕۆژەی دەستنیشان کردووە ئیدی دەبێ قسەی ئەو بێت ئەمەش ڕاست نییە، چونکە ئەمە پێشبڕکێ نییە، کێ یەکەم جار قسەی کرد دەبێ قسەی ئەو بێت  و هەر قسەی ئەویش راست بێت، ئەمە بایەخی زمانە، زمانی کوردی هی ڕێکخراوێک و حزبێک نییە، هی هەموو نەتەوەی کوردە، پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژەش ڕای نوێنەرانی هەموو بەشەکانی کوردستانی لەسەر بێت.


دڵنیابە ئەگەر ئێمە ئەو ڕۆژەمان پێشتر دانابوایە ئەوان قبووڵیان نەدەکرد، ڕۆژێکی دیکەیان دادەنا کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی زمانی خۆیان و ئەلفوبێی لاتینی بێت. تەنانەت لە مەسەلەی ئاڵاش ئەوان خۆیان جودا دەکەنەوە، ئەو ئاڵایە قبووڵ ناکەن کە هی هەموو کوردە، لە کاتێکدا ئەم ئاڵایە هی پارتی نییە، لە سەرەتا لە باکووری کوردستان پەیدا بووە و هاتووە بۆ باشوور.


ئەلفوبێی لاتینی ڕاستە هەر جەلادەت نەبووە بەکار هێناوە، لە پێش جەلادەی لە ئەرمەنستان کتێب و ڕۆژنامەی پێ دەرچووە، بەڵام ئەو بە دەرکردنی گۆڤاری هاوار کردی بە ئەمری واقیع بۆ ڕۆژئاوا و باکوور هەت ئێستاش هەر بەرەدوامە. بەڵام هەرچی هەوڵ دراوە لە باشوور بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ سەرکەوتوو نەبووە، وەک هەوڵەکانی جەمال نەبەز، گیوی موکریانی،  تەنیا هەوڵی تاکەکەسی بوون لە دەرکردنی کتێبێک زیاتر نەبوون، نەبووە هۆی گۆڕینی ئەلفوبێ.


 ئێستا حاڵی حازر کورد دوو ئەلفوبێی هەیە، ئێمە قبووڵمانە، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە بزانین ئەم گۆڕینەی ئەلفوبێ بۆ لاتینی چ سوودێکی بۆ زمانەکە هەبووە، زمانەکەی پێش خستوو؟ نەخێر، بەڵکو ئەمڕۆ بە عەمەلی زمان و نەتەوەی کردووە بە دوو لەتەوە کە دەبێ بۆ هەتاهەتا کورد ئەم باجە قورسە گۆڕینی ئەلفوبێ بدات کە لە ئەنجامی سیاسەتێکی چەوت و بیرکردنەوەیەکی نازانستیی گرێدراو بە سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی لە سووریا ئەم کارەی کردووە.


کاتی هاتووە نەوەی نوێ لەم کێشانەی زمانی کوردی هۆشیار بێتەوە؟


سوپاس کاک سەرچیا بۆ سەرنجەکەت. من لە دوو لایەنەوە لەگەڵت هاوڕا نیم. یەکەم کە دەڵێی ئەگەر جەلادەت ئەلفوبێی نەگۆڕیبا بۆ لاتینی ئێستا کەس لە باکوور توانای نووسینی کوردی نەدەبوو، و ھەر ئەم کارەشی بووە ھۆی ئەوەی لەم سەردەمە کورمانجی لەزۆر ڕووەوە باشتر پێش کەوێ بە بەراورد بە سۆرانی و سەرەڕای ئەوەی زمانی خوێندنیش نییە لە ھیچ وڵاتێک.


ئەمە بۆچوونەت هەرگیز ڕاست نییە ئەگەر ئەلفوبێ لاتینی نەبێت فێرە خوێندەواری نابیت، ئەمە مەنتیقی تێدا نییە، مرۆڤ دەتوانێت بە هەموو ئەلفوبێیەک خوێندەوار بێت. ئەوە مەسیحییە سریانییەکان لە ناو جیهانی و عەرەب و لە کوردستان ئەلفوبێی خۆیان هەیە و خوێندەوارن بە زمانی خۆیان، زمانەکانی دیکەش فێر دەبن وەک عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی. هەرگیز ئەلفوبێ ڕێگر نییە. ئاشوورییەکان لە ئەوروپاش بە هەمان شێوە بە ئەلفوبێی خۆیان زمانی خۆیان فێر دەبن، ئەمە هیچ کێشەیەک نابێت. دەتوانم بە دەیان نموونەی لەم جۆرە لە دنیا بۆت باس بکەم.

ئیگۆرە تورکەکانی چین لەم وڵاتی چینە لە ژێر ئەم هەموو سەرکووتکردن و چەوسانەوەیە هەر بە ئەلفوبێی عەرەبی هەموارکراو زمانی خۆیان فێر دەبن هیچ کێشەیەکیان نییە و دەستبەرداری ئەلفوبێی خۆیان نەبوون و وەک تورکەکانی دەوروبەری خۆیان.

بوونی دوو ئەلفوبێی جیاواز هەرگیز ڕیگر نییە بۆ فێربونوی وخێندەواری، بەڵام کێشەی کوردی باکوور لەوەدایە کە لە بندەست ڕژێمێکی زۆر فاشیستیدان  زمانی کوردی زۆر بە توندی قەدەغە کردووە.


لایەنی دووەم کە دەڵیی کوردی یەک زمان نییە، بەڵکو وەک خێزانە زمانێکی بچووکە و لە چەند زمان پێکھاتووە کە سەرەکییەکان کورمانجی و سۆرانین.
ئەم جۆرە بانگەشەیە ئەگەر لە یەکێک ببیستم کە دژ بە کورد بێت و خزمەت بە ئەجێندای دگیرکەرانی کورستان بکات، یانیش لە ڕۆژهەڵاتناسێكی ئەوروپی ببیستم کە لەسەر تێزەکانی مەکەنزی و مینۆرسکی و کرەین بروک و گارنیک ئاساتووریان پەروەردە بووە و دەڵیت کورد نەتەوە نییە و کوردیش یەک زمان نییە، پێم ئاساییە. بەڵام کوردێک نابێت ئەو ڕایەی هەبێت چونکە ئەوە بە ئاشکرا ڕایدەگەنێت کە کوردی زمان نییە لە کاتێکدا وا نییە کوردی یەک زمانە، ئەوەی هەیە کۆمەڵە لەهجەیەکە سەر بە زمانی کوردییە، بەڵام ئەم زمانە لە مێژوودا هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە کە لە یەک زمانی هاوبەش یەک بگرێت، ئەمڕۆش لە ژێر داگیرکەرانی زمانانی نەتەوەی سەردەست  و بە دوو ئەلفوبێ زیاتر زارەکانی کوردی لە یەک دوور دەکەونەوە. کە ئەمەش بە هۆکاری جوگرافی و سیاسی و قەدەغەکردنی زمانەکەیە لە سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتانە.


کوردێک پێویستە بە شێوەیەکی زانستی بەرگری لە زمانەکەی بکات و نابێت تەسلیم بە ئەجێندای داگیرکەران و ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپی بێت. لەگەڵ ڕێزمدا


سوپاس دکتۆر گیان بۆ سەرنجەکەت. ئاگاداری هەموو ئەو هەوڵانەم کە دراوە بۆ گۆڕینی ئەلفوبێی بۆ لاتینی. لەبارەی ئەوەی تەوفیق وەهبی کە جەلادەتی بینیوە ڕێک کەوتوون لەسەر ئەلفوبێی لاتینی، بەڵێ شتێکی وا هەیە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە بە بڵاوکراوە هەیە تەوفیق وەهبی دواتر لەم هەوڵە پەشیمان دەبێتەوە، و لە گۆڤاری دیاریی کوردستان کە لە بەغدا دەردەچوو وتارێک بڵاو دەکاتەوە، داوا دەکات کە باشترە بۆ ئێمە وەک فارسەکان هەر لەسەر ئەلفوبێی عەرەبی بمێنینەوە و وەک تورکەکان نەکەین کە ئەلفوبێێان گۆڕیوە، بەڵام پێویستە ئەم ئەلفوبێیە هەموار بکەین. ئیدی دوای ئەوەی کتێبی دەستووری زمانی کوردی دەردەکات و چەند پیتێک بۆ فۆنێمەکانی کوردی زیاد دەکات. دوای ئەوە هەرچی هەوڵێک هەبووبێت لە باشوور بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەم ئەلفوبێیە عەرەببیە بە چاکی هەموار کراو و کتێیبی مەنهەجی پێ دەرچوو، بوو بە ئەلفوبێ و ڕێنووسیكی ستانداردی زمانی کوردی لە باشوور. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی عێراقیش دژی گۆڕینی ئەلفوبێ بووە بۆ لاتینی، چونکە ئەوانیش حەزیان بە تەعریبی کورد دەکرد، کە ئەمە بۆیان ئاسانتر بوو.


ئەوەی زۆر ئاشکرایە گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی هەرگیز بە هۆکاری زمانەوانی نییە، کە گوایە لاتینی بۆ نووسینی کوردی گونجاوترە و عەرەبییەکە گونجاوتر نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەلفوبی بۆ لاتینی هۆکاری سیاسی و ئایدیۆلۆجی و کۆلۆنیالی و مسینۆنێری بووە، نەک هەر لای کورد لە هەموو دنیا کە کۆلۆنیالیزم چووە بۆ هەر شوێنێک ئەلفوبێی کردووە بەلاتینی و خەڵکەکەشی کردووە بە مەسیحی، چونکە گۆڕینی ئەلفوبێ یەکەم هەنگاوی پاشکۆکردنی کولتوورییە بۆ زمان و فەرهەنگی نەتەوە کۆلۆنیالیستەکە. ئەوە لە کوردستانیش بەهەمان هۆکار بووە، ئەوە ئێستا بەڵگەنامە و کتێب بڵاو بووەتەوە کە جەلادەت بە هاوکاری و پشتگیری ماددی فەرەنسییەکان لە سووریا، ئەلفوبێی گۆڕیوە. گۆڤاری ڕۆناهی دەرکردووە سەرتاپای ڕێکلامە بۆ هاوپەیمانەکان لە شەڕی دووەمی جیهاندا.


منیش پێم وایە مەسەلەی ئەلفوبێ پێویستە بە زانستی لێی بکۆڵینەوە  و  دووری خەینەوە لە کاریگەریی دینی و سیاسی و ئایدیۆلۆجی،.. ئەلفوبێ وەک پیویستییەکی زمانی چاوی لێ بکەین و پشتگیری لە باشترین ئەلفوبێیەک بکەین بۆ زمانەکەمان.


بۆ ئێمە زۆر گرنگە بزانین بۆچی بووین بە دوو ئەلفوبێ؟ ئایا ڕاست بووە ئەم گۆڕینە بۆ لاتینی؟ سوودەکانی چی بووە بۆ زمانی کوردی؟ ئێمە پێش خستووە یان ئێمەی کردووە بە دوو زمان و دوو نەتەوە؟ چی بکەین بۆ ئەوەی لە کاریگەریی خراپی دوو ئەلفوبێ خۆمان ڕزگار بکەین و  چۆن بە شێوەیەکی سەردەمییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو ئەلفوبێیە بکەین؟
لەگەڵ ڕیزمدا

دووبارە سوپاس مامۆستا هیوا بۆ سەرنجەکەت و دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکە.


من لە باسی زمان و ئەلفوبێ هەمیشە خۆم دوور دەخەمەوە لە سەنگەرگرتن و دژایەتی، دەمەوێ باسەکە تەواو بە زانستی و دوور لە لایەنگیری شی بکەمەوە. لێرەش هەمان هەوڵم داوە کە بە دیدێکی زانستی دوور لە وروژاندن باسی ڕۆژی زمانی کوردی و پرسی ئەلفوبێ بکەم.


دوو زاراوەمان هەیە ئەلفوبێ و ڕێنووس، پێویستە لە یەک جودا بکرێنەوە ئەوەی یەکەم ئەلفوبێ واتە شکڵی دەنگەکانی زمان بە شێوەی پیت، کە بە ئینگلیزی پێی دەڵین ئەلفابێت، ئەوەی دووەم ڕێنووس واتە چۆنیەتی نووسین و پێکبەستنەوەی پیتەکان و وشەکان، واتە ڕاستنووسی کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت ئۆرتۆگرافی.


زمانی کوردی هە لە کۆنەوە کە یەکەم دەقی نووسراوی ئەدەبی دەستی پێ کردووە بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسراوە هەرچەندە ئەلفوبێیەکە  هەموار نەکراوە، بەڵام پێویستییەکانی نووسینی جێبەجێ کردووە. لە ماوەی شەش سەد ساڵ، ئەگەر لە کۆنترین شاعیری کورد دەست پێ بکەین کە مەلا پەرێشانە دەقی ئەدەبی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی بووە. واتە شەش سەد ساڵ میراتی ئەدەبی نووسراوی کوردی لە ناو قاڵبی ئەلفوبێی عەرەبیدایە.


ئەمە راستە ئەم ئەلفوبێیە کەموکووڕی هەبووە، بەڵام ئەلفوبێیەک بووە بۆ زمانەکە وەک فارسی و تورکی هەموو زمانانی دیکەی جیهانی ئیسلام. زمانی فارسی بۆ ماوەی هەزرا ساڵ ئەم ئەلفوبێیە بەکار دێنن هەتا ئێستاش هەمواریان نەکردووە تەنیا چوار پیتیان بۆ زیاد کردووە (چ، پ، گ، ژ)، بۆیە ئەلفوبێی عەرەبی بۆ کوردی ئەگەر هەمواریش نەکرابایە وەک فارسی هەمان ڕۆلی بۆ زمانەکە دەبوو.


بۆیە ئەمە ڕاست نییە کە ئێوە لاتینیخوازەکان کە دێنە سەر پرسی ئەلفوبێی کوردی دەڵین کورد ئەلفوبێی نەبووە، بەڵی هەیبووە هەموو مێژوو و ئەدەبییاتی کوردی پێ نووسراوە، بەڵام کەموکووڕی هەبووە کە دواتر هەموار دەکرێت دەبێت بە ڕێنووسێکی پێشکەوتووی کوردی.


لەبارەی ئەوەی کە ڕێنووسی کوردی سەد ساڵ هێشتا بێسەروبەری هەیە  لە نوویسن. پێم وایە تۆ وەک زمانەوانێک دەبێ ئەوە بزانی کە ئەمە خەتای ئەلفوبێ و ڕێنووس نییە، چونکە ڕێنووسە زۆر باش هەموار کراوە، ئاژاوەی ڕێنووس نە لە ئەلفوبێیە نە لە ڕێنووسە بەڵکو نەبوونی پلانی زمانە، نەبونوی سیاسەتی زمانە، ڕێنووس پێویستە لە لایەن دەسەڵاتەوە بسەپێندرێت و هەموو کتێب و چاپکراو بە یەک ڕێنووسی یەکگرتوو دەرچێت، بەڵام لە حاڵی حازردا نە ئەو دەسەڵاتە لە باشوور هەیە و نە ئەو پلانی زمانەش بۆ سەپاندنی ڕێنووس هەیە، بۆیە ئاژاوەی ڕێنووس هەیە.


من هەرگیز لەگەڵ تۆ نیم کە زمانی کوردی بەرەو چەند زمان دەچێت، ئەگەر بەرەو ئەو ئاراستەیەش بچێت پێویستە ئێمە وەک کورد پلانی زمانمان هەبێت کە ئەم زارانەی کوردی هەر بە زاری زمانی کوردی بمێننەوە، چونکە یەکگرتنی ئێمە وەک نەتەوە لە زمانەکەمانە، زۆرم سەیرم لە ڕۆشنبیری کورد و هەندێک زمانەوانی کورد دێت کە دەبیستم قسەی ڕۆژهەڵاتناسیكی ئەوروپی لەبارەی زمانی کوردی دەکەنەوە، یانیش قسەی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر زمان و  نەتەوە دەکەنەوە. کە ئەمە ڕاست نییە بۆ کوردێک پێی خۆش زمان و نەتەوە پارچە پارچە بێت. ئەم لەهجانە هەموو پێکەوە درێژبوونەوەی یەک زمانن کە ئەویش زمانی کوردییە.    


سوپاس دکتۆر گیان بۆ کۆمێنتەکەت. زۆرم پێ خۆشە کە ئەم پرسیارەت لێرە درکاند کە وەک خۆتان دەڵێن لەمێژە لە دڵتان بوو بیدرکێنن، بەڵام نەتان دەویست بیڵێن. بەڵی زۆر گرنگە پرسیار بکرێت و گفتوگۆ بکرێت، چونکە هەموو کێشەکانی زمان و فەرهەنگ و مێژوو بە پرسیار و ڕەخنە و گفتوگۆی زانستی پێش دەکەوێت.


پێم وایە ئێوە خۆتان شارەزای ئەدەبییاتی گۆران و هەورامین و لە مێژووش شارەزان، چاوەڕێ دەکەم کە ئێوە لەم بارەیەوە زانیاریمان پێ بدەن. بەڵام ئێوە خۆتان ڕووی پرسیارتان لە من کردووە بۆیە هەوڵ دەدەم هەر چۆنێک بێ وەڵامێک بنووسم.


وەک ئاشکرایە لە هەموو مێژووی زمانی کوردیدا هەرگیز ئەو زمانە خاوەن یەک زمانی ئەدەبی یەکگرتووە نەبووە، لە هەر بەشێکی کوردستان لەهجەیەکی کوردی لەبواری ئەدەبی کاری پێ کراوە، بە تایبەت کاتێک میرنشینێکی کوردی لە بەشێکی کوردستان سەری هەڵداوە لەهجەکەش لەگەڵی بایەخی بۆ نووسین پەیدا کردووە، بەڵام کاتێک میرنشینەکە ڕووخاوە زمانە ئەدەببیەکەش لەگەڵی کۆتایی هاتووە، وەک لە میرنشینی بۆتان و ئەردەلان کە دوو لەهجەی کوردی کاریان پێ کراوە کرمانجی باکوور لەگەڵ گۆران- هەوارمی، کاتێک هەردوو میرنشین دەڕووخێن زمانەکەش وردە وردە بەرەو کزی چووە.


ئەگەر تۆ پێت وا بێت کە کورد بە زمانی کوردیی گۆرانی خاوەن یەک زمانی یەکگرتوو بووە، ئەمە تەنیا بۆ ناوەڕاستی کوردستان بووە، بەڵام لە باکوور ئەوە دیارە کە بە کرمانجی بووە، ئەدەبییاتێکی دەوڵەمەندی هەبووە.


بۆیە لەهجەی گۆرانیش وەک لەهجەیەکی کوردی هەمان ڕۆلی ئەو زمانە ئەدەبییەی گێڕاوە، بەڵام دواتر کە میرنشینی ئەردەلان دەڕووخێت ئیدی لەهجەی گۆران بەرەو کزی دەچێت، کە ئەمەش کارێکی سروشتییە چونکە میرنشینییەکە پاڵپشتی زمانە ئەدەبییەکە بووە.


لە میرنشینی بابان ئەورەحمان پاشای بابان، یەکەم پاشای ئەو میرنشینە بووە کە داوای کردووە بە زاری کوردیی ناوەند بنووسن واز لە گۆرانی بێنن، ئیدی دوای ئەوە نووسینی شیعر بە بابانی دەست پێ دەکات، کە ئەمەش دووبارە سروشتییە چونکە لە هەر میرنشینییەک لەهجەیەک بووە بە زمانی ئەدەبی، بۆیە ئەم میرنشینەش هەمان ئامانجی هەبووە بۆ زمانی ئەدەبی، بە تایبەت لەو سەردەمە کە مەسەلەی نەتەوایەتی لە ئارادا نەبووە کە ڕێککەون لەسەر یەک زمانی ئەدەبی بۆ هەموو کوردستان، بە تایبەت کوردستان ئەو سەردەمە سەر بە عوسمانی و قاجار بووە.


بەڵی منیش پێم وایە کورد کە نەبووە بە نەتەوەیەکی یەکگرتوو پرسی زمان و فەرهەنگە ئەوجا هۆکاری سیاسییە بە تایبەت کە زمانەکە هەر بە لەهجە کاری پێ کراوە، هەرگیز یەک پاشای کوردی حوکمی هەموو کوردستانی نەکردووە یەک زمان بسەپێنێت، بۆیە کورد لە ڕووی یەکگرتنی زمان و فەرهەنگ پارچە پارچە بووە، ئێستاش هەر ئەو ڕەوتە لە بەکارهێنانی لەهجە هەر بەردەوامە، چونکە هەمان دابەشکردن هەیە بە زیادەوە، چەوسانەوەی زمان و سەرکووتکردنی نەتەوەیشی هاتووەتە سەر لە لایەن نەتەوە سەردەستەکانی عەرەب و فارس و تورک، بۆیە دۆخەکە زۆر ئاڵۆز بووە، پەرتەوازەیی و دابەشکاری زیاتر بووە.


لەگەڵ ڕێزمدا


مامۆستا هیوا من ئەمەم ڕوون کردەوە کە بۆچی ئەم دوو بەشەی کودرستان کەس ئاگای لە کەس نییە، ئەمە دیارە هۆکاری سەرەکی دوو ئەلفوبێیە، ئەگەر یەک ئەلفوبێ بوایە بێگومان وا نەدەبوو، کەئەمەش ئەم ئەلفوبێ لاتینییە ئەم دۆخە نەخوازراوەی دروست کردووە.


 بەڵێ منیش دەزانم زارەکانی کوردی ئێستا وەک زمان کاریان پێ دەکرێت بە تایبەت کوردیی باکوور و ناوەند، بەڵام ئەمانە هەر زاری کوردین، زاری ستاندادری کوردین، ئێمە دەبێ خۆمان بپارێزین لە ناوهێنانی زارە کوردییەکان بە زمان، چونکە کە گوتت زمان ئەوە واتە ئیدی لقێکی زمانی کوردی نییە و سەربەخۆیە. ئەگەر ئەمانە زمان بن کەواتە زمانی کوردی کامەیە؟


ناوهێنانی زارە کوردییەکان بە زمان، کورردناسە ئەوروپییەکان و داگیرکەرانی کوردستان زۆر حەزی لێ دەکەن، چونکە ئەوانە حەز دەکەن کورد یەکگرتوو نەبێت و پارجە پارچە بێت، بەڵام ئێمە وەک نەتەوە دەبێ بە هۆشیارییەوە ناو زارەکانمان بێنین کە خزمەت بە یەکگرتووی نەتەوەیی بکات.


بۆ ماوەی شەش ساڵ لە زانکۆی سۆران دەرسی زارەکانم داوتەوە هەمیشە بە قوتابییەکانم گوتووە کە زاری کوردی هەرچەند بە ستاندارد بکرێت و هەرچی بە زارەکە بنووسرێت دەبێ پێی بگوترێت زاری کوردی یان زارێکی ستانداردی کوردی.


سوپاس کاک سەرچیا، بەڵێ منیش ئەوە دەزانم کە ئەمڕۆ ئەم دوو زارە کوردییە وەک زمان کاریان پێ دەکرێت، بەڵام پێویستە هەر بە زار ناویان بێت، چونکە ئەمانە هەردوو سەر بە یەک نەتەوەن، هەردوو لقی یەک زمانن، بەڵام بە ستاندارد کراون، بۆیە پیوستە بگوترێت زاری ستانداردی کوردی نەک زمان.


لەگەڵ ناوی زارەکەش پێویستە ناوی کوردی بێت وەک کوردیی کرمانجی و کوردیی سۆرانی، کوردیی هەورامی، کوردی لەکی، کوردی کەلهوڕی، ..تاد بۆ ئەوی دیار بێتە کە ئەم زارێکی کوردییە. بەڵام ڕاستتر ئەوەی بگوترێت زاری کوردیی ناوەند و کوردیی باکوور و کوردیی باشوور.


ئەم دۆخە زمانییە لەم سەردەمە ئاساییە، چونکە ئەمە سەردەمی لەناوچوونی زمان و زارە کە باش نییە زار لە ناو بچێت پیویستە زار بایەخی پێ بدرێت.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×