وەزارەتی تەندروستی: چاوەڕواندەکرێت لەم ھەفتەیەدا دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا بگاتە ھەرێم
  2020-06-26       2373       

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لەم ھەفتەیەدا دەرمانی چارەسەری ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بگاتە ھەرێمی کوردستان.

ئاوێنه‌: محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەمیدیای‌ پارتی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، وەزارەتی تەندروستی عێراق سەرقاڵی کڕینی دەرمانی چارەسەری پەتای کۆرۆنایەو بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیی کردوە، دوای گەیشتنی و دەرچونی لەکوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پەسندکردنی، بەشێکی دەرمانەکە بۆ ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات.

وتیشی، دەرمانەكە بەشێوەی حەبەو لەڕوسیا بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا بەکارھاتووەو تا ڕادەیەکی باش ڕۆڵی ھەیە لەخێراکردنی چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا کە تەندروستییان مامناوەندو خراپە، یان نەگەیشتونەتە ئاستی بەکارھێنانی ھەناسەدانی دەستکرد.

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی‌ ته‌ندروستی‌ ڕوسیا ڕایانگه‌یاند كه‌ دەرمانی (ئەڤیفاڤیر) بۆ توشبووانی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت، دەرمانەكە لەساڵی 1995وە لەلایەن یەكێك لەكۆمپانیا ژاپۆنیەكانەوە بەرهەمهێنراوە، بەڵام ئێستا ڕوسیا گەشەی بەو دەرمانە داوەو بۆ چارەسەركردنی توشبووانی كۆرۆنا بەكاریدەهێنێت.

بەوتەی پزیشكانی ڕوسیی، ئەو دەرمانە كاریگەرییەكی زۆر باشی هەیە لەسەر توشبووانی كۆرۆناو هەندێكیان لەبری 14 ڕۆژ لەماوەی چوار ڕۆژدا چاكبونەتەوە ڕێژەی لەسەدا 90ی ئەو توشبووانەش كە دەرمانەیەكەیان بەكارهێناوە لەماوەیەكی كەمدا چاكبونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×