هێزێکی دژەتیرۆری عێراق گەیشتە کفری
  2020-07-12       1831       


هێزێکی دژەتیرۆری عێراق گەیشتە قەزای کفری و تاکو 72 کاتژمێر لەوسنورەدا دەمێننەوە، لیوایەکی پێشمەرگەش دەڵێت ''هێزی دژەتیرۆری یەکێتیان لەگەڵ دایە''.

ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەمە) بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە، هێزێکی زۆری دژەتیرۆری عێراق هاتونه‌تە سنوری قەزای کفری بەناوی گەڕان و پشکنینەوە ئەمە لەکاتێکدایە ئه‌و سنوره‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندایه‌.

لیوا حاجی عوسمان لەهێزەکانی 70 یەکێتی  و  سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەی كفری لەو بارەیەوە بەئاوێنەی ڕاگەیاند: "بەڵێ ڕاستە ئەو هێزانە هاتونەتە سنوری ئێمە بەناوی گەڕان و پشکنین، بەڵام دواتر پێمانوتون ئەمە سنوری پێشمەرگەیە و سنوری ئێمەیە ڕێگەنادەین لێرە بمێننەوە".

سەبارەت بەو هێزانە ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتی : "ئەو هێزەی دژە تیرۆری عێراق کە هاتون هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتیان لەگەڵدایە و لە کارێزە وە هاتون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئەو هێزە بۆ ماوەیەکی کاتی دەمێننەوە دوای 72 کاتژمێر و تەواوکردنی ئەرکەکەیان  سنورەکە جێدێڵن''.

 چەکدارەکانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ قۆناغی چوارەمی ئۆپراسۆنی پاڵەوانانى عیراق  دەستیپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە هەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین و سامەرا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، حەشدی شەعبی و لیواکانی هێزی تایبەت، لیوای هەشتی هێزی پاسەوانی سنوور، دژە تیرۆر، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی تایبەتی دوو، لەگەڵ هێزی دژە تیرۆری سلێمانی و پۆلیسی پارێزگای دیالە و هێزی هاوپەیمانان بەشدارن.

ئۆپراسیۆنەکە لە چوار میحوەرەوە لە ناوچەکانی باکوری و باشوری خانەقین ھەروەھا لە ناوچەی قەرەتەپە وباکور گوڵاڵە  دەستی پێکردووە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×