بۆچی‌ پشكنینی‌ كۆرۆنا لەڕێگەی لوت‌و ئامێری‌ سیتی سکانه‌وه‌ جیاوازه‌؟
  2020-07-14       1842       
بۆچی پشکنینی هەندێک کەس کە لەڕێگەی لووتەوە دەکرێت نێگەتیڤە، بەڵام بەسیتی سکان سییەکانی پڕن لەهەوکردنی ڤایرۆسی‌و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە؟

هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێدا لەکۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا؛ پزیشکە توێژەرەکانی وڵاتی چین‌و دواتر وڵاتانی ئەوروپی‌و ئەمریکی دەستیانکرد بەتوێژینەوە لەسەر ئەم ڤایرۆسە لەهەمو ڕویەکەوە.

یەکێک لەوانە کاریگەری ئامێری ( rt-PCR ) کەوا خۆشبەختانە لە دەڤەری ئێمەشدا بە هەوڵ و هیممەتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین  ئەم ئامێرە هێنرایە دەڤەرەکەمان و ڕۆژانە بە دەیان پشکنینی پێ ئەنجام دەدرێت...

 لەڕێگەی لووت یان قوڕگ یان کۆم یان بەڵغەم دەتوانرێت نمونەی سوابێک لە کەسی گومانلێکراو وەربگیررێت و دواتر بخرێتە لوولەیەک(VTM) کە ناوەندی هێشتنەوەی ڤایرۆسەکەیە و دواتر لەڕێگەی ئامێری RT-PCR پشکنینەکە بە چەند کاتژمێرێک و بەچەندین پڕۆسەی ئاڵۆزدا دەڕوات بە دەستی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا (خۆشبەختانە مامۆستایەکی پسپۆڕ کە هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە) سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پڕۆسەکە دەکات لەگەڵ هەندێک لەهاوڕێیانی ڕاهێنراو لەژووری پشکینینی کۆڕۆنا لەتاقیگەی ناوەندی ڕانیە.

ئەوەی جێگای سەرنج‌و پرسیارە کە ئایا ئەنجامی پشکنین هەڵە دەردەچێت بەم ئامێرە پێشکەوتووە؟ بەدڵنیاییەوە هەندێکجار ئەنجامی هەڵە  (False posative یان False negative) دەخوێنرێتەوە!  لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

1.ئەگەر نموونەکان بە پووڵینگ وەربگیرێن(واتا 5 کەس لە لوولەیەکدا) ئێستا ئەم سیستەمە لە دەڤەری ڕاپەڕین ناکرێت و هەموویان بە جیا دەخرێنە ناو یەک ناوەند (VTM)ەوە.

2.ئەگەر ئەو ناوەندەی نموونەکەی تێدا هەڵدەگیررێت کوالیتی باش نەبێت.

3.ئەگەر ئەو کارمەندەی نموونەکە وەردەگرێت شارەزایی تەواوی نەبێت ، لە دەڤەرەکەماندا کارمەندانمان ئێستا لە ئاستێکی زۆر باڵا دان لەو بوارەدا. 

4.ئەو کەسەی بەرپرسە لە کۆکردنەوەی نموونەکان ئەبێت بۆ هەموو نەخۆشێک دەستکێشەکانی بگۆڕێت.

5.ئەگەر ئەو نەخۆشە یان گومانلێکراوەی نموونەکەی لێ وەردەگیررێت هیچ نیشانەیەکی وەکو تا و کۆکە و هەڵامەتی نەبێت ئەنجامی پشکنینەکەی زۆر بەهێز نابێت . 

6.ئەگەر ئەو کیتانەی کە لە سەنتەری تایبەتن بە کۆڕۆنا کوالیتی باش نەبن یان ئەو ووڵاتەی دروستی کردووە جێگای باوەڕ نەبێت.

7.ئەگەر هەموو ئەوانەی سەرەوە بێ کێشە بن و تەواو بن هێشتا ئەنجامی پشکنین لەڕێگەی ئەمێری rt-PCR ناگاتە لەسەدا سەد بەڵکو تەنها ( 78٪ )ە.

بەڵام بەپێی توێژینەوەکان ؛ پشکنینی سییەکان بە ئامێری (سیتی سکان) بەتایبەتی ( HRCT ) دەگاتە ( 98 ٪ ) !!! ئەو پشکنینەش بۆ هەموو کەس پێویست نییە و لە هەموو دۆخێکدا پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری کردنی لەسەر نادات.
بەهیوای خۆپارێزی و لەشساغی بۆ هەموو لایەک.

د.ڕەوەند عبدالرحمن عیسی
پزیشکی نەشتەرگەری سنگ‌و دڵ‌و بۆڕیەکانی خوێن
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×