سەردەمە تاریکەکان: دووربینییەکانی هانا ئارێنت
  2020-07-19       1731       

ڕیچارد ج. بیرنستاین

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامید

 


هانا ئارێنت لە پێشەکیی کۆی وتارەکانیدا لە ساڵی١٩٦٨، لە ژێر سەردێڕی؛ "مرۆڤ لە سەردەمە تاریکەکاندا"، دەنووسێت: "تەنانەت لە تاریکترین سەردەمەکانیشدا، مافی ئەوەمان هەیە پێشبینیی بڕێک درەوشانەوە بکەین". ئەمڕۆ، لەم سەردەمە تاریکەماندا، کارەکانی ئارێنت بە تاسوق و تامەزرۆییەوە دەخوێنرێنەوە، چونکە کتومت ئەو چەشنە درەوشانەوانە دەخەنەڕوو.


هانا ئارێنت لە ساڵی١٩٠٦ لە ئەڵمانیا هاتووەتە دونیاوە و، لەگەڵ فەیلەسووفە دیار و بەرچاوەکانی سەردەمەکەی خۆیدا خوێندویەتی، بەڵام لە ساڵی١٩٣٣دا لە وڵاتەکەی خۆی هەڵات و، ماوەیەک لە پاریس ژیا و، لە کۆتاییدا فەڕەنسایشی بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەجێهێشت. ئارێنت بە هۆی ئەم کارە سەرەکییانە: "پێشمەرجی مرۆیی"، "دەربارەی زەبروزەنگ"، "ڕاستیی و سیاسەت"، "بناغەکانی تۆتالیتاریزم" و بەتایبەتی بە هۆی کاری: "ئایخمان لە قودس: ڕاپۆرتێک دەربارەی پووچێتیی خراپەخوازیی"، واتە ئەو کتێبەی کە وەک ڕووماڵکردنێکی دادگاییکردنی ئادۆڵف ئایخمان-ی نازیی وا بوو بۆ ڕۆژنامەی نیو یۆرکەر، ناوبانگی دەرکرد.


ئارێنت، سەبارەت بە بڕێک لە قووڵترین کێشە و شڵەژان و ڕەوتە ترسناکەکان لە نێو ژیانی سیاسیی نوێدا، یەکجار هۆشیار و بەئاگا بوو، ئەو کێشانەی کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ لەگەڵماندا دەژین. هانا ئارێنت سەروەختێک کە باسی "سەردەمە تاریکەکان" دەکات و دەربارەی "ئامۆژگارییە ئاکاریی و بێجگە لە ئاکارییەکان هۆشداریی دەدات کە، بە چەشنێکی پووچی بێواتا و بە پاساوی پاراستنی ڕاستییە کۆنەکان، دەبنە مایەی کەمکردنەوە لە بایەخی هەموو ڕاستییەکان"، نەک هەر دەتوانین مەترسییەکانی تۆتالیتاریزم لە سەدەی بیستەمدا ببیستین، بەڵکو هاوکات هۆشدارییەکیش سەبارەت بەو هێزانە دەبیستین کە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپای ئەمڕۆ دەسمن.


هانا ئارێنت یەکێک بوو لەو بیرمەندە سیاسییە سەرەکییانەی سەبارەت بەوە هۆشدایی دا کە ژمارەی بێکۆتا ڕوو لە هەڵکشانی ئەوانەی کە ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە هەروەها کۆچبەران بەردەوام وەک کێشەیەک دەمێنێتەوە کە چارەسەرکردنی دژوار دەبێت. ئارێنت لە نێو یەکێک لە وتارە سەرەتاییەکانیدا بە ناونیشانی "ئێمەی پەنابەران" کە لە ساڵی١٩٤٣دا نووسیویەتی و، کە وتارێکە بەربنەمای ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆی وەکو پەنابەرێک نووسیویەتی و بڕێک پرسیاری سەرەکیی دەبزوێنێت، بە چەشنێکی ڕوونکردنەوە ئامێز دەربارەی ئەوە دەدوێت کە بابەتی ئەوەی مرۆڤێک نیشتمان و زمان و پیشەکەی لەدەستبدات چی دەگەیەنێت و، سەبارەت بە ئەنجامە سیاسییەکانی دیاردەی نوێی جەماوەریش، واتە "دروستکردنی" ئاپۆرایەک لە جەماوەری خەڵکیی ناچار بەوەی کە نیشتمان و وڵاتیان جێبهێڵن، بە بۆچوونێکی گشتگیرتر دەگات کاتێک کە دەڵێت: "ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر کۆچیان پێ کرا، نوێنەرایەتیی پێشڕەوی نوێی گەلەکانیان دەکەن... چونکە داب و نەریتی گەلانی ئەوروپا پەرت پەرت بوو کاتێک کە دەرفەتی دا و لەبەرئەوەی کە دەرفەتی دا بە ژمارە لاوازەکەی پەرتەوازە و ژێردەستە ببێت".


ئارێنت کاتێک کە ئەوەی نووسی، نەیدەزانی تێبینییەکانی تا چەند دەشێت لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن. چونکە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردودا تا ڕادەیەک هەموو ڕووداوێکی سیاسیی گرنگ بووەتە مایەی هێندەی تر کردنی چەندین پۆل و چەشنی نوێ لە کۆچبەران و، پێناچێت هیچ کۆتاییەکیش بۆ ئەمە لە ئاسۆدا دیار بێت. لەبەرئەوەی لە ئێستادا ملیۆنان مرۆڤ لە کەمپەکانی پەنابەرییدا هەن تەنها ئومێدێکی کەمیان سەبارەت بەوە هەیە کە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەکانیان یاخود تەنانەت ئەوەی کە بتوانن نیشتمانێکی نوێ بدۆزنەوە.


ئارێنت لە نێو کارە سەرەکییەکەیدا، واتە؛ "بناغەکانی تۆتالیتاریزم" کە لە ساڵی ١٩٥١دا بڵاوبووەتەوە، دەربارەی پەنابەران نووسیویەتی و دەڵێت: "تراژیدیای ئەوانەی کە بێمافن، ئەوە نییە کە لە ژیان و ئازادیی و هەوڵدان بۆ بەختیاریی یاخود یەکسانیی لە بەردەم یاسادا یاخود ئازادیی بیروڕا بێبەشکراون، بەڵکو تراژیدیای ئەوانە ئەوەیە کە چی تر پەیوەندییان بە هیچ دەستە و گروپێکەوە نەماوە". بەهەرحاڵ، لەدەستدانی دەستە و گروپ، ئەنجامی کۆچپێکردنی مرۆڤ لە خودی مرۆڤایەتیی خۆی هەیە. بەم پێیە بانگەشەکانی مافی مرۆڤ تەنها لە دۆخێکدا واتایان هەیە کە بڕێک دامەزراوەی کاریگەر و چالاك هەبن بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافانە. مافی هەرە سەرەکییش "مافی خاوەنداریی مافە".


ئارێنت لە نێو کتێبی "ڕاستیی و سیاسەت"دا نووسیویەتی و دەڵێت: "ئازادیی بیروڕا گاڵتەجاڕییە ئەگەر دەستەبەری زانیارییە ڕاستەکان نەکرێت و خودی ڕاستییەکان خۆیان بابەتی ناکۆکیی نەبن". درێغ یەکێک لە تەکنیکە هەرە سەرکەوتووەکان بۆ شاردنەوەی جیاوازیی نێوان ڕاستیی ئاشکرا و درۆ ئەوەیە کە دەوترێت هەموو ڕاستییەکی ئاشکرای پێویست لە بیروڕایەکی تر بەولاوە زیاتر نییە، ئەمە شتێکە ڕۆژانە لە زاری کارگێڕیی ترەمپەوە گوێمان لێی دەبێت. چونکە ئەوەی کە لە نێو سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا ڕوویدا هەمان ئەو شتەیە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەلایەن بڕێک سیاسەتوانی دیارەوە چاوی لێ دەکرێت کە خودان سەرکەوتنێکی بەرچاون و، جیهانێکی ئەندێشەیی لە "ڕاستیی جێگرەوە" دەسازێنن.


سەبارەت بە ئارێنت، مەترسییەکی گەورەتر هەیە کە ئەمەیە: "ئەنجامی دانانی یەک لەدوای یەک و گشتیی درۆکان لە شوێنی ڕاستییە ئاشکراکان ئەوە نییە کە درۆکان ئێستا وەک ڕاستیی وەردەگیرێن و، ڕاستییەکان وەک بڕێک درۆ دەشێوێنن، بەڵکو ئەوەیە ئەو واتایەی کە لە ڕێگایەوە هەڵوێستەکانمان لە نێو جیهانی ڕاستەقینەدا دەنوێنین تونا دەکرێت، دەربڕینی ڕاستیی بەرامبەر بە درۆیش یەکێکە لەو ئامراز و شێوازە ئەقڵییانەی کە بە هۆیەوە ئەم ئامانجە بەدیدەهێنین". بەم پێیە، ئەگەرەکانی درۆکردن بێسەر و سنوور دەبن و، تەنها کەمێک بەربەرەکانێ دەکرێن.


زۆرێک لە لیبڕاڵەکان تووشی سەرسوڕمان دەبن سەروەختێک دڵنیابوون لە ڕاستییەکان بەڕوونیی و بە چەشنێکی یەکلاکەرەوە ئەوە دەردەخات کە درۆ درۆیە و، خەڵکیی خەمساردن و هیچ گوێ نادەنێ. بەڵام ئارێنت میکانیزمی ئیشکردنی پڕوپاگەندەی بە دروستیی ڕوونکردەوە. "چونکە ئەو شتەی کە جەماوەر قایل دەکات ڕاستییەکان نین، تەنها یەکانگیریی سیستەم، کە مەزەندە و گریمان دەکرێت ئەو جەماوەرە بەشێکبن لێی، ئەو کارە دەکات".


ئەو مرۆڤانەی کە هەست دەکەن پشتگوێخراون و لەبیرکراون، تامەزرۆ و خوێندنەوەیەکن، تەنانەت ئەگەر خوێندنەوەیەکی ئەندێشەیی دەستکردیش بێت، واتایەک بەو نیگەرانییەیان بدات کە دەیکەن و، گفتی جۆرێک لە ڕزگاربوونیان پێدەدات. ڕابەر و سەرکردەی دەسەڵاتخوازیش بڕێک تایبەتمەندیی بێشوماری هەن لە کەڵک و سوود وەرگرتن لە نیگەرانیی و دروستکردنی ئەندێشە و خەیاڵێک کە خەڵکیی دەیانەوێت بڕوای پێبکەن و باوەڕی پێ بهێنن. ئەو چیرۆکە ئەندێشەییەی کە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان بە مرۆڤ دەدات لە ڕاستییەکان و بەهانە و بەڵگە "بەجێکان" زۆر سەرنجبەر و سەرنجڕاکێشترە.


ئارێنت نە دەیقڕاند و نە دەمڕەش بوو. بەمەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هۆشدارییەکانیشی سەبارەت بە مەترسییە سیاسییەکان بۆچوونێکی تێروتەسەلی دەربارەی بێتاوانیی سیاسەت داڕشت. چونکە ئێمە، بە هۆی سروشتی لەدایکبوونمان و لەبارییمانەوە بۆ کردار، دەتوانین سەرلەنوێ شتێکی نوێ دەستپێبکەینەوە. تێمای هەرە قووڵیش لای ئارێنت پێویستییە بۆ تاقەتگرتنی بەرپرسیارێتیی ژیانی سیاسییمان.


ئارێنت هۆشداریی ئەوەی پێداین کە فریوی نەهیلیزم و کەلبیزم و بێدەربەستیی نەخۆین. لەو ڕاڤەیەیشیدا کە ڕاڤەی درۆ و، چاوبەست و فێڵی خۆیی و دروستکردنی وێنە و هەوڵی دەسەڵاتدار بۆ لەناوبردنی جیاوازیی نێوان ڕاستیی و درۆ دەکات، چاونەترس و بوێر بوو.


داکۆکییکردنی ئارێنت لە بێتاوانیی سیاسەت پێوەرێکی گرنگ سەبارەت بەو دۆخە دەخاتەڕوو کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرێک لە ئێمە خۆیی تێدا دەبینێتەوە لەو شوێنەدا کە دەرفەتی بەشدارییکردن و پێکەوە کارکردن و کاری هاوبەش شانبەشانی هاوتاکانمان لە وتوێژێکی ڕاستەقینەدا کەم دەکرێتەوە. هەروەها پێویستە لە سەرمان بەرەنگاری فریوی کشانەوە لە سیاسەت ببینەوە و پێمان وا نەبێت کە بەرامبەر بەو هەموو ناشیرینیی و چاوبەست و فێڵ و گەندەڵییەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ هیچ لە دەست نایەت. پڕۆژە ژیانگەراکەی ئارێنت بە چەشنێکی بەری و پاک تەرخانی بەرەوڕووبوونەوە و تێگەیشتن لە تاریکیی سەردەمەکانمان بوو بەبێ لەدەستدانی دیدی شیانی باڵابوون و تێڕامان. هەر بۆیە پێویستە ئەو پڕۆژەیە بە هەمان شێوە پڕۆژەی ئێمەیش بێت.


................................
تێبینیی: ئەم وتارە لە ڕوانگەی دەقە عەرەبییەکەوە کراوەتە کوردیی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×